نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس: وەبەرهێنانی فەرەنسا لە عێراق، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی بازرگانیی فەرەنسا و عێراق بەشدارە. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس دەڵێت، ئەو وەبەرهێنانەی فەرەنسا لە عێراق دەیکات، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 26-05-2025 کۆڕبەندی بازرگانیی فەرەنسا و عێراق لە پاریس بەڕێوەدەچێت. عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارە.
 
عەلی دۆڵەمەری ئاماژەی بە بایەخی کۆڕبەندەکە کرد و گوتی، "پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی نێوان فەرەنسا، عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر بەرزدان، بەڵام هەموو لایەک دەیەوێت بچنە قۆناخێکی دیکەوە."
 
بە گوتەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس، "فەرەنسا دەیەوێت بگەڕێتەوە نێو بازاڕی عێراق؛ دەیەوێت ئەو پەیوەندییانە تەنیا لە ئاستی دیپلۆماسی، سیاسی و ئابوورییدا نەمێننەوە، بەڵکو پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئەکادیمی، زانستی و رۆشنبیریشدا بچنە قۆناخی دیکەوە."
 
وەکو عەلی دۆڵەمەری ئاماژەی دا، هەر وەبەرهێنانێک لەلایەن فەرەنساوە لە عێراق بکرێت، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و گوتی، "لە دوو ساڵی رابردوودا لەنێوان ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێککەوتننامەی ئابووری بە قەبارەی زیاتر لە 27 ملیار دۆلار واژۆ کراون کە هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە رێککەوتننامەکان."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، فەرەنسا دەیەوێت هەرێمی کوردستان هەرێمێکی بەهێز بێت لە چوارچێوەی عێراقدا و گوتی، "بۆیە بێگومان ئەو پڕۆژانەی لە شارەکانی وەک بەغدا، نەجەف و بەسرە جێبەجێیان دەکەن، پڕۆژەی هاوشێوەش لە هەولێر و سلێمانی دەکرێن."
 
عەلی دۆڵەمەری باسی لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم کاری کۆمپانیا فەرەنسییەکان بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "بێگومان ئاڵنگاریی زۆر گەورە هەن. ئێستا عێراق و هەرێمی کوردستان لە زۆرنی سووری وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسادان، ئەوەش کێشەیە بۆ کۆمپانیاکان کە ناتوانن ئازادانە سەردانی عێراق بکەن."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس "نەبوونی بانک لە عێراق" بە کێشەیەکی دیکەی بەردەم وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی فەرەنسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەزانێت و دەڵێت، "تاوەکو ئێستا لەم بوارەدا، عێراق زۆر پێشکەوتوو نەبووە، بەڵام هەوڵ دەدەن کێشەکە چارەسەر بکەن."
 
لە کۆربەندەکە زیاتر سەرنج دەخرێتە سەر وەبەرهێنان، بازرگانی و رۆڵی فەرەنسا لە عێراق کە شاندی باڵای وەزارەتەکانی هەردوو وڵاتەکە تێیدا بەشدارن.
 
شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە یاوەریی چەند کۆمپانیایەک بەشداری لە کۆڕبەندەکەدا دەکات. عەلی دۆڵەمەری ئەوەشی خستەڕوو، "د. محەممەد شوکری گوتارێکی دەبێت، هەروەها دیدارێکیشی لەگەڵ وەزیری بازرگانیی فەرەنسا هەیە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتیی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن."