پارێزگاری کەرکووک 5 منداڵی دەرکراو و دایکیان بە یەک دەگەیێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەو پێنج منداڵەی شەوی رابردوو لەلایەن خاڵیانەوە لە کەرکووک دەرکران، ئەمڕۆ دایکیان ئازاد دەکرێت و دەگەڕێندرێنەوە لای دایکیان.
شەوی رابردوو پێنج منداڵ لە کەرکووک لەلایەن خاڵیانەوە لە ماڵ دەرکران و فڕێدرانە سەر شەقام. منداڵەکان گەورەکەیان کچە و تەمەنی 16 ساڵە، باوکیان دەستگیر کراوە و دایکیشیان بە تۆمەتێک لە پۆلیسی کەرکووک راگیراوە. لەسەر بڕیاری پارێزگاری کەرکووک، منداڵەکان نێردراونەتە خانەی بەساڵاچووان.
ئەمڕۆ دووشەممە 26-05-2025 رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، بە رووداوی راگەیاند، "ئاگاداری رووداوەکەم، منداڵەکان سەرەتا هێنرانە ماڵی من؛ دوای وەرگرتنی مۆڵەتی بەغدا، منداڵەکانم ناردە خانەی بەساڵاچووان بۆ یەک شەو."
بە گوتەی پارێزگاری کەرکووک، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، لەگەڵ دادوەری کەرکووک قسەی کردووە، دایکی منداڵەکان راگیراوە و دۆسیەی دادگاییکردنی کۆتایی نەهاتووە؛ بۆیە دادوەر بڕیاری داوە ئەمڕۆ دووشەممە دایکی منداڵەکان بە کەفالەت ئازاد بکات و "ئەمڕۆ منداڵەکان دەگەڕێندرێنەوە لای دایکیان."
بەگوێرەی زانیارییەكانی رووداو، منداڵەكان دوو كچ و سێ كوڕن، لەبەر ئەوەی خانەی بێسەرپەرشتان منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ وەردەگرێت، منداڵەکان بردراونەتە خانەی بێسەرپەرشتانی کەرکووک.