وەزارەتی پەروەردە هۆکاری بڕیارەکانی تایبەت بە قوتابیانی پۆلی 12 بۆ رووداو ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بە دەرکردنی بڕیاری رانەگەیاندنی یەکەمەکانی پۆلی 12، رێگرییان لە "کاسپیی هەندێک قوتابخانە کردووە." ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەم ساڵ 117 هەزار قوتابی هەیە و ناکرێت سەرنج لەسەر تەنیا 40 بۆ 50 قوتابی بێت."
رۆژی یەکشەممە 25-05-2025 وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بڕیاردرا، لەمەودوا هیچ کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئەنجام نەدرێت بۆ راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12، بەڵکو راگەیاندنەکە بە دیجیتاڵی بێت؛ هەروەها ئاماژە بەوە کرا، "هیچ پێوەرێک لەسەر ئاستی تاک بۆ ناساندنی ئاستەکانی (یەکەم، دووەم، سێیەم) و هیچ پلەبەندییەک رانەگەیێندرێت."
بڕیارەکە لە پێنج بڕگە و دوو خاڵ پێکهاتووە؛ سەرەڕای ئەوەی خۆیان رێورەسم ناگێڕن، رێگە بە یەکە کارگێڕییەکانی وەزارەتەکەشیان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان نادەن رێورەسم ساز بکەن.
هیوا جەمال پرسیاری لە وەزارەتی پەروەردە کردووە لەبارەی هۆکاری دەرکردنی بڕیارەکە. بەگوێرەی سەرچاوەیەکی باڵا بۆ (رۆژی هیوا جەمال) "كۆمەڵێك هۆكار هەبوون بۆ بڕیارەکان. بۆ نموونە، ئەم ساڵ 117 هەزار قوتابی پۆلی 12هەیە و ناكرێت سەرنج لەسەر 40-50 قوتابی بێت"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەرژەوەندی و کار بۆ " 117هەزار قوتابی لەپێشترە لە 50 قوتابی."
سەرچاوەکە گوتی، "بڕیارەكە رێگەدەگرێت لەكاسپییەك كە لەهەندێ شوێن دروست ببوو؛ قوتابخانەی تایبەت هەیە قوتابی زیرەكیان لە قوتابخانەی حكومی بردووە و پێیان گوتووە ئوتۆمبێلێكت بۆ دەكڕین بێیتە لای ئێمە و یەكەم بیت، بۆئەوەی پارە بە ئەنجامی قوتابییەكە پەیدا بكەن."
لە بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەدا بنەمای هەڵسەنگاندنیش گۆڕدراوە و دوو شێواز دیاریکراون؛ رێژەی تێکڕای نمرەی دەرچوون، نمرەی پێوانەیی و تێکڕای ژمێرەیی داناوە بۆ هەڵسەنگاندنی قوتابخانە و مامۆستاکان.
سەرچاوە باڵاکەی وەزارەتی پەروردە بۆ رووداو روونیکردەوە کە "بڕیارەكە بۆ ئەوەیە مامۆستا خۆی ماندوو بكات، لەسەر بنچینەی رێژەی دەرچوونی قوتابییەكانی هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، ئەوەش گرنگە نمرەی پێوانەیی بۆ بەكاردەهێندرێت."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "قوتابخانە لەسەر رێژەی دەرچوونی هەموو قوتابییەكان هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێ، نەوەك لەسەر ئەوەی قوتابییەك یەكەم بووە. بۆ نموونە، لەنێو 100 قوتابی قوتابخانەیەك ئەگەر یەكەمێك هەبێ و ئەوانی دیكە زۆرینەی كەوتبن، قوتابخانەیەكی باش نییە."