عاشقەكەی حەسەن زیرەك ساڵانە یادی كۆچی دوايی دەكاتەوە
رووداو- هەڵەبجە
ئێرە مۆزەخانەیەكی تایبەت بە هونەرمەند حەسەن زیرەك نییە، ئەمە ماڵی سیروانە، عاشقە گەورەكەی حەسەن زیرەك لە هەڵەبجە، ئەو لە زۆر بۆنەدا گۆرانییەكانی ئەو هونەرمەندە دەڵێتەوە و لە چەند بەرنامەیەكی تایبەت بەو هونەرمەندەش بەشداری كردووە.
ئەو لە ساڵی 2003ەوە ساڵانە لەگەڵ خێزانەكەی یادی كۆچی دوای ئەو هونەرمەندە دەكاتەوە، ئەمەش 42 هەمین ساڵیادی كۆچی دوایی حەسەن زیرەكە لە ماڵی سیروان لە هەڵەبجە.
سیروان ئەرشیفێكی گەورەی هونەرمەند حەسەن زیرەكی كۆكردووەتەوە، 1020 گۆرانی، 174 كاسێتی ریكۆردەر، 120 سی دی و 120 بەكرە و یەك كاسێتی فیدیۆی 840 گۆرانی، جگە لەوانەش 108 وێنە و 18 كتێبی لەسەر ژیان و بەرهەم و گۆرانییەكانی هونەرمەند حەسەن زیرەك هەیە لەگەڵ ناسنامەكەشی.
جگە لەوەی ئەرشیفێكی باشیشی هەیە لەو گۆڤار و رۆژنامەنانەی كە باسی ئەو هونەرمەندەیان كردووە، یان هەڤپەیڤینیان لەگەڵ خۆیدا ئەنجامداوە، ئەم هەموو ئەرشیفە بەشێكی زۆریان لە ماڵە بچوكەكەی داگیركردووە.
ئەو زۆر هەوڵیداوە ستایلی روخسار و جلوبەرگەكانیشی لەو هونەرمەندە بچێت، ئەو كاتانەشی كە لە ماڵەوە دەچێتە دەرەوە و روو لە تۆمارگاكەی دەكات هەر زیرەكی لەگەڵدایە، بەڵام گەرما ستایلی جلوبەرگەكەكانی پێدەگۆڕێت. هەروەها لە بەر خۆشەویستییەكەی بۆ حەسەن زیرەك تۆمارگاكەشی ناوناوە زیرەك.
سیروان خۆی و تۆمارگەكەشی ناوبانگێكی تایبەتیان لە هەڵەبجەدا هەیە و هەر بە سیروان زیرەك ناسراوە. سیروان پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ دوا هاوسەری حەسەن زیرەك رابە خان هەیە، هەر لای ئەویش وێنەی ناسنامەكەی گرتووە.
سیروان دوو ساڵ لە دوای كۆچی دوایی هونەرمەند حەسەن زیرەك لە دایكبووە، ئەو نەیتوانیوە بەدیداری ئەو هونەرمەندە شاد بێت، بەڵام ئێستا سەردانی گۆڕەكەی دەكات و گۆرانییەكانی ئەو هونەرمەندە بوونەتە بەشێك لە ژیان و یادەوەرییەكانی.