لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئامەد 9 کەس بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی تیژڕۆییەوە، مینی پاسێک لە ئامەدی باکووری کوردستان خۆی بە بەربەستێکی کۆنکرێتی سەر رێگەدا کێشا و لە ئەنجامدا نۆ سەرنشین برینداربوون.  
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی ئامەد بڵاویکردەوە، رووداوەکە کاتێک روویدا؛ مینی پاسێک کە ژمارەیەک کرێکاری لە شوێنی کار دەگەڕاندەوە، بەهۆی تیژڕەوییەوە لە کۆنترۆڵ دەرچوو و خۆی بە بەربەستێکی کۆنکرێتیی سەر رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی دیجلەدا کێشا. 
 
بەهۆی پشووی جەژنی قوربانەوە، رێگەوبانەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان قەرەباڵخییەکی زۆریان تێدا بەدی دەکرێت، ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی رووداوی هاتووچۆی زۆریان تێدا رووبدات. 
 
لە یەکەم رۆژی پشووی جەژنی قورباندا کە 24ـی حوزەیران بوو، 41 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکران و بە هۆیانەوە 18 کەس گیانیان لەدەستدا و 112 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
حکومەتی تورکیا نۆ رۆژ پشووی جەژنی قوربانی راگەیاندووە کە لە رۆژی 24ـی حوزەیران دەستیپێکرد و رۆژی 3ـی تەممووز کۆتایی دێت. بۆ ئەو مەبەستە، هاووڵاتییان و هاونیشتمانییان بۆ بەسەربردنی رۆژانی جەژن لەگەڵ کەسوکارەکانیان دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان. 
 
هەر لە یەکەم رۆژی پشووی جەژنی قورباندا، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا پلانی وەزارەتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایشی رێگەوبانەکان لە جەژنی قورباندا راگەیاند و جەختی لەوەکردەوە، لە نۆ رۆژی پشووی جەژندا 30 هەزار و 529 کارمەندیان لە ئەرکدا دەبن. 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، درۆن و هێلیکۆپتەرەکانی وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام چاودێریی رێگەوبانەکان دەکەن و هەموو رێوشوێنێکیان گرتووەتەربەر بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش بریندار بوون.