300 هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان لە سوودانەوە گەڕێندرانەوە هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، 300 هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان بە دوو فڕۆکە لە سوودانەوە هێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان و لە هەولێر بەشێوەی کاتی نیشتەجێکراون.
هەزاران هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان بەهۆی شەڕی نێوخۆی سوودانەوە لە دۆخێکی نالەباردا دەژین. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە چوار رۆژی رابردوودا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە رێگەی دوو فڕۆکەوە 300 هاونیشتمانییان لە سوودانەوە هێناوەتەوە هەولێر.
چوار رۆژ پێش ئێستا فڕۆکەیەک و شەوی رابردووش فڕۆکەیەکی دیکە لە سوودانەوە هاونیشتمانییان گەیاندووەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر؛ هەڵمەتی هێنانەوەی هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان بۆ هەولێر بەردەوام دەبێت.
ئەو فڕۆکەیەی شەوی رابردوو گەڕایەوە 140 هاونیشتمانی تێدابوو کە هەموویان خێزان بوون؛ ژنێک لەو هاونیشتمانییانە بە رووداوی گوت، دڵخۆشن گەڕێندراونەتەوە هەولێر، چونکە ژیانیان لە مەترسی و ناهەموارییدا بوو.
هاونیشتمانییەکی دیکە بە رووداوی گوت، کاتێک داعش لە ساڵی 2014دا هێرشیکردە سەر کۆبانێ، ئەوان چوونەتە سوودان؛ گوتیشی، هاونیشتمانییەکی "زۆر"ی کۆبانێ، تربەسپی و قامشلۆ لە سوودان ماونەتەوە و پێویستیان بە بەهاناوەچوونە.
ئەو کەسانەی هێنراونەتەوە هەولێر لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە شوێنی مانەوەیان بەشێوەی کاتی بۆ دابینکراوە و دواتر "سەرپشک دەکرێن" لە مانەوە یان جێهێشتنی هەولێر و چوونەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان یان هەر شوێنێکی دیکە خۆیان بیانەوێت.
لە 15ـی نیسانەوە شەڕ و پێکدادانە نێوخۆییەکان لە سوودان بەردەوامن. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 2 هەزار کەس بەهۆی شەڕی نێوخۆیی وڵاتەکە؛ هەروەها زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار کەس ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون.