نرخی گواستنەوەی پاسی نێو شار لە ئامەد بەرزکرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

نرخی گواستنەوەی پاسی نێو شار لە ئامەدی باکووری کوردستان بەرزکرایەوە؛ دوایینجار لە 21ـی حوزەیرانی 2022 بوو کە نرخی گواستنەوەی نێو شار بەرزکرابووەوە. 
 
بە بڕیاری سەرۆکایەتی بەشی گواستنەوەی گەورەشارەوانیی ئامەد، لە سێی تەمموزی ئەمساڵەوە نرخی گواستنەوەی پاس لەنێو شاردا زیاد دەکرێت.
 
لە چوارچێوەی بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی بەشی گواستنەوەی گەورەشارەوانی ئامەد، نرخی گواستنەوەی پاس دوو لیرە زیادکرا و کرا بە 8 لیرە (450 دیناری عێراقی)؛ نرخی گواستنەوەی مینی پاس 3.5 لیرە زیاد کرا و کرا بە 10 لیرە (نزیکەی 600 دیناری عێراقی)؛ هەروەها گواستنەوەی شار بۆ قوتابیان 6 لیرە (نزیکەی 350 دیناری عێراقی) دەبێت. 
 
ئەم بەرزکردنەوەیە لەسەر داوای ژووری شۆفێرانی ئامەدە، کە لە ماوەی لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی زیادبوونی تێچووەکانیان، داواکارییان ئاراستەی سەرۆکایەتی بەشی گواستنەوەی گەورەشارەوانیی ئامەد کردبوو. 
 
دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە، نرخی سووتەمەنی بەرزکردوەتەوە؛ لەمڕۆیشەوە نرخی گازی شلی ئۆتۆمبێل زیاد کرا. زیادکردنەکە بە جۆرێکە نرخی یەک لیتر LPG بۆ ئۆتۆمبێل 66 قرووش زیاد کراوە.