عەلی حەمەساڵح ئازاد کرا
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست دەڵێت: "هۆکاری دەستگیرکردنمان بۆ رێگریکردن بوو لە خۆپێشاندان."
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لەدوای ئازادبوونی بە تۆڕی میدیایی رایگەیاند، بەڵێنی ئەوەیان وەرگرتووە کە سەرجەم دەستگیرکراوانی دیکە ئازاد بکرێن.
بە گوتەی عەلی حەمەساڵح، دوابەدوای ئازادکردنی خۆی و هاوڕێکانی، ئەو کەسانەی بە "نیازی خۆپێشاندان" دەستگیرکراون، ئازاد بکرێن.
هاوکات عەلی حەمەساڵح دوای ئازادبوونی لە فەیسبووکی خۆیەوە رایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە مافی گشتی".
ئەوە لەکاتێکدا بوو، بڕیاربوو ئەمڕۆ لە سلێمانی خۆپێشاندانێک دژی نەناردنی مووچە بەڕێوەبچێت و لیژنەی ئەمنی سلێمانیش رایگەیاندبوو، "کاتەکە بۆ خۆپێشاندان گونجاو نییە".
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، لە شەوی سێشەممەوە ژمارەیەک لە رێکخەرانی ئەو خۆپێشاندانەی بڕیاربوو ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت دەستبەسەرکراون، لەنێویاندا ژمارەیەک ئەندامی رەوتی هەڵوێست و مامۆستایانی ناڕازی هەن.