لە سیدەکان منداڵێک لە حەوزێکی ئاودا خنکا
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، لە گوندێکی سیدەکان منداڵێکی چوار ساڵان کەوتە نێو حەوزی ئاودانی کشتوکاڵ و خنکا.
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خێزانێکی دانیشتووی سیدەکان بە مەبەستی کشتوکاڵی روویان لە گوندی جۆخینگەڕا کردبوو، لەوێ خەریکی کشتوکاڵ بوون، دوێنێ لە کاتی ئاودان هەموو خانەوادەکە لەوێ بوون کوڕەکەیان کەوتووەتە ناو حەوزێکەوە خنکاوە".
ئەو منداڵەی خنکاوە ناوی ئومێد عەبدولڕەحمان عەوڵایە و تەمەنی چوار ساڵە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران گوتی: "خێزانەکەی خەریکی ئاودان بوون ئاگایان لە کوڕەکە نەمابوو، دواتر کە بەدوای گەڕاون لەنێو حەوزی ئاودانی کشتوکاڵی دۆزیویانەتەوە."
بە گوتەی رەوەند مەغدید لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، ئەمە سێیەم رووداوی خنکانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.