دوایین هەواڵی مووچە؛ شاندەکەی بەغدا نوێنەری وەزارەتی نەوت و دارایی فیدراڵی تێدایە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەنێو شاندەکەی بەغدا، نوێنەری وەزارەتەکانی نەوت و دارایی عێراق هەن. بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەمشەو یان سبەی شاندێکی حکومەتی عێراق لەسەر پرسی مووچە سەردانی هەولێر دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە ئەگەرێکی زۆر ئەمشەو شاندێکی باڵای حکومەتی فیدراڵ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەبارەی پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە".
2025-06-25، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە، لەگەڵ بەغداش بەردەوام لە پەیوەندیدا بووین، دوێنێ شەو خۆم لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریش قسەم کردووە و لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانیش قسەم کردووە کە ئێمە بەرەو چارەسەری ئەم قەیرانە بڕۆین. ئەوانیش بە خۆشحاڵییەوە رایانگەیاند کە ئامادەن لە ماوەیەکی زۆر زۆر نزیک لەم یەک دوو رۆژەدا، شاندێک بنێرن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە بکەونە گفتوگۆی راستەقینە لەسەر ئەم بابەتە و چارەسەرکردنی گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".