دوای 11 ساڵ، گەنجێکی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش رزگارکرا
رووداو دیجیتاڵ
رەوەند نایف حەمید، گەنجێکی کوردی ئێزدی کە 11 ساڵ لەمەوبەر لە تەمەنی منداڵیدا لەلایەن داعشەوە رفێندرابوو، لە سووریا ئازاد کرا و بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بگەڕێندرێتەوە نێو کەسوکارەکەی.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک بۆ رووداو، رەوەند یەکەم کەسی خێزانە هەشت کەسییەکەیەتی کە چارەنووسی ئاشکرا دەبێت، چونکە هەموو ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی لەلایەن داعشەوە رفێندراون و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.
رەوەند، کە خەڵکی کۆمەڵگەی خانەسۆرە لە قەزای شنگال، ئێستا تەمەنی نزیکەی 18 ساڵە و کاتی رفاندنی تەنیا حەوت ساڵان بووە. ئەو لە پارێزگای ئیدلیبی سووریا ئازاد کراوە.
سەرچاوەکەی رووداو گوتی، ماوەی 20 رۆژە کار لەسەر دۆسیەی ئازادکردنی کراوە و نزیکەی هەشت رۆژ لەمەوبەر ئازاد کراوە. ئێستا لە رۆژئاوای کوردستانە و بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە بگەڕێندرێتەوە، بەڵام بەهۆی پشووی فەرمییەوە، گەڕانەوەکەی بۆ رۆژی یەکشەممە دواخراوە و لە رێگەی دەروازەی سنووریی پێشخابوورەوە دەگەڕێندرێتەوە.
لە بنەماڵەکەی رەوەند، 77 کەس لەلایەن داعشەوە رفێندراون، کە تائێستا 38 کەسیان ئازاد کراون.
بەپێی دوایین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی ئەمڕۆ دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە کۆی 6,417 کوردی ئێزدی کە لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون، تائێستا 3,587 کەسیان رزگار کراون.