شانەی ئەمنی وردەکاریی کوژرانی دوو بەرپرسی داعشی لە کەرکووک راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، وردەکاریی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەی شەوی رابردووی بڵاوکردەوە، کە دەزگای دژەتیرۆری عێراق، لە دژی چەکدارانی رێکخراوی داعش لە پارێزگای کەرکوک ئەنجامی دا و یەکێک لە کوژراوەکان والی ریازە. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی شانەکە، کە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 26ی حوزەیرانی 2025 بڵاویکردەوە لە بۆسەیەکی تۆکمەدا، کە چوار رۆژی خایاند، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد،  هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆر لە سنووری کەرکووک لە دۆڵی زغێتوون دوو چەکداری  داعش-یان کوشت.
 
دۆڵى زغێتوون دەکەوێتە رۆژهەڵاتى قەزاى حەویجەى لە باشوورى رۆژئاواى کەرکووک.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، یەکێکیان والی ریاز و ئەوی دیکەیان بەرپرسی سەربازیی ریاز بووە. هێزەکەش دەستیان بەسەر چەک و کەلوپەل و هەندێک کەرەستەی تەکنیکی و ئامێر و بەڵگەی تاوانکارییاندا گرتووە.
 
رۆژی 25ـی حوزەیرانى 2025، دەزگای دژە تیرۆری عێراق راگەیێنراوێکى لە بارەى ئۆپراسیۆنێکیان بڵاوکردەوە و گوتی: "هێزەکانمان لە بۆسەیەکی تۆکمەدا لە دۆڵی زغێتوون دوو تیرۆریستی داعشیان کوشتووە".
  
10ـی حوزەیرانى 2025، سوپاى عێراق کۆنترۆڵکردنى دۆڵى زغێتوونی راگەیاند، کە پێشتر چەکدارانى رێکخراوى داعش چالاکى و جموجۆڵیان تێیدا هەبوو و کردبوویانە مۆڵگەى خۆیان.