لە چەمچەماڵ وشکەساڵی تەنگی بە دانیشتووانی 300 گوند هەڵچنیوە

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای چەمچەماڵ رایدەگەینێت، زیاتر لە 300 گوندی سنوورەکە وشکەساڵی و کەمئاوی کێشەی بۆ دروستکردوون و تاوەکو ئێستا حکومەت هیچ بوودجەیەکی بۆ ئەو گرفتە تەرخان نەکردووە. دەڵێت، کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ نزیکەی 7٪ی تەواوکراوە.
 
رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵی کرد و گوتی، "لە دوای 22ی ئایارەوە کە لەلایەن نوسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانەوە بودجەیەک بۆ پڕۆژەکە تەرخانکرا، ئێستا زۆر بەباشی کاری لێدەکرێت، هەنگاوی باشی بڕیوە."
 
پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ، لە ئابی 2024، بە گوژمەی 87 ملیۆن و 150 هەزار دۆلار بەردی بناخەی دانراوە و گرفتی کەمئاوی نزیکەی 200 هەزار دنیشتووی چەمچەماڵ و ناحیەکانی؛ شۆڕش، تەکیە و ئاخجەلەر چارەسەر دەکات.
 
بە گوتەی قایمقامی شارەکە، ئێستا خەزانی ئاوی ئاخجەلەر، تەواو کربووە، هەروەها خەزانی ئاوی تەکیە دەستیپێکردووە و 80٪ی تەواوکراوە و خەزانی 15 هەزار مەترییەکەی سەر پڕۆژەکە دەستیپێکردووە، جگە لەوەش بەمنزیکانە خەزانە گەورەکەی سنووری قەزای چەمچەماڵ دەستپێدەکات.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگۆپتەپە بۆ بانی مەقان درێژییەکەی 58 کیلۆمەترە، ئاراستەی راکێشانی بۆرییەکە بە درۆن دیاریکراوە و ئێستا 18 کیلۆمەتر بۆری گواستنەوەی ئاو ئامادەیە بۆ راکێشان، بۆ کارئاسانی زیاتریش وەزارەتی شارەوانی، فەرمانگەیەکی تایبەتی بۆ پڕۆژەکە کردووەتەوە و سەرپەرشتیی پڕۆژەکە دەکەن.
 
لەبارەی رێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە رەمک رەمەزان دەڵێت، "بە گوێرەی فەرمانگەی سەرپەرەشتیاریی پڕۆژەکە، ئێستا نزیکەی 7٪ی پڕۆژەکە تەواوبووە."
 
لە ئێستادا بەشی زۆری سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی قەزای چەمچەماڵ، شۆڕش و تەکیە، لە هێڵی دووی پڕۆژەی ئاوی دووکان- سلێمانییە.
بەگوتەی رەمک رەمەزان، سنوورەکەیان "رۆژانە لەماوەی 24 کاژێردا 60 هەزار مەتر سێجا ئاوی پێویستە، بەڵام ئێستا رۆژانە لەنێوان 25 بۆ 30 هەزار مەتر سێجا ئاومان بۆ دابین دەکەن بۆ چەمچەماڵ، شۆڕش و تەکیە، هەر بۆیە گەڕەک هەیە 12 رۆژە ئاوی بەسەردا دابەش نەکراوە."
 
لەبارەی پرۆسەی دابینکردنی ئاو بە تانکەر بۆ ئەو شوێنانەی گرفتی کەم ئاوییان هەیە، قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، "لەکۆی 440 گوندی سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی (سەنگاو، شۆڕش، قادرکەرەم، تەکیەی کاکەمەند، تەکیەی جەباری)، زیاتر لە 300 گوند وشکەساڵی و کەمئاوی کێشەی بۆ دروستکردوون و تاوەکو ئێستاش هیچ بوودجەیەکمان بۆ تەرخاننەکراوە."
 
گوتیشی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، "رۆژانە بە تانکەر 1.5 ملیۆن لیتر ئاومان بۆ دابین دەکەن بۆ ئەو گەڕەکانەی دەکەونە بەرزاییەکانی بانی مەقان، هەروەها خێرخوازانیش هاوکارمانن و لەماوەی رابردوودا لەلایەن(سەرکەوت خالید) زیاتر لە 200 تانکەر ئاوی بۆ سنوورەکە دابینکردووە."
 
لەبارەی فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگەی نێوان چەمچەماڵ- کەرکووک، رەمەک رەمەزان ئاماژەی بەوەکرد، "لە ماوەی رابردوودا پارێزگاری کەرکووک بەڵێنی پێدابووین کە ئەو رێگەیە فراوان و نۆژەنبکرێتەوە و ئێستا لە قۆناخی جێبەجیکردندایە."
 
بە گوتەی رەمک رەمەزان، "لەسەر داهاتی وێستگەکانی کێش، لە چێشتخانەی سیروان تاوەکو بانی مەقان نۆژەن دەکرێتەوە و ئەگەریش گرفت دروست نەبێت لە بانی مەقان بۆ تەکیەی جەباری و مەفرەقی زەردە و قادرکەرەم نۆژەندەکرێنەوە."