چاوەڕوانیی پشکنینی "DNA" کچە کوردێکی ئێزدیی لە خێزانەکەی دابڕیوە

 
رووداو - شنگال

ماڵباتێکی کوردی ئێزدی کچەکەیان لە نێو تۆڕی کۆمەڵایەتیدا دەناسنەوە کە لە موسڵە و لەکاتی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لەلایەن چەکدارانەوە رفێنراوە. ماڵباتە ئێزدییەکە دەیانەوێت لە دهۆک پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ کچەکە بکرێت و ماڵباتە موسڵییەکەیش دەیانەوێت لە بەغدا بۆی بکرێت و هەردوولا بە داواکاریی یەکدی قایل نین.
 
ماڵباتەکەی خەڵکی شنگال دەڵێن، وێنەی کچەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بینیوە کە لای ماڵباتێکی عەرەبە لە موسڵ. ماڵە موسڵییەکەیش دەڵێن، راستە کچەکە هیی ئەوان نییە، بەڵام دەبێت پشکنینی دی ئێن ئەیی بۆ بکرێت تاوەکو رادەستی ماڵباتە کوردە ئێزدییەکانی بکەینەوە.
 
کێشەی شوێنی پشکنینەکە لەنێوان هەردوولادا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و هێشتا چارەنووسی کچەکە لە چاوەڕوانیی ئەوەدایە کەی خاوەنی راستەقینەی بدۆزرێتەوە.
 
ماڵباتە کوردە ئێزدییەکە خەڵکی شێخدری باشووری شنگالن، لە کەمپی چەم مشکۆ ئاوارەن و بەر لە سێ ساڵ وێنەی کچێکی هەتیویان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بینیوە کە لەلای خێزانێکی عەرەب بووە و بردوویانەتە خانەی بێسەرپەرشتان، بەڵام دواتر منداڵەکە دەبەنەوە لای خۆیان و وێنەکەیش دەسڕنەوە. لەو رۆژەوە ماڵباتە کوردە ئێزدییەکە چاوەڕێن کە چۆن کچەکەیان بدرێتەوە. 
 
لەیلا حسێن، دایکی ناڤین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "من دەزانم ئەوە کچەکەی منە. کچی خۆم باش دەناسمەوە. بە هەموو شێوەیەک دەزانم کچی منە. دوو ساڵ بەدوایەوە بووین. گوتمان با پشکنینی بۆ بکەین. ئەوان گوتیان دەبێت لە بەغدا بکرێت. ئێمەش گوتمان دەبێت لە دهۆک بیکەین. ئەوان دەڵێن ئێمە نایەینە دهۆک و ئێمەش گوتمان نایەینە بەغدا".
 
ئەو ماڵباتە 11 جار سەردانی موسڵیان کردووە، بەڵگەنامەی پێویستیان داوەتە دادگا بۆ ئەوەی کچەکەیان بگەڕێننەوە.
 
ناڤین کاتێک لە رۆژی 2014/08/03دا لە ماڵباتەکەی دابڕاوە تەمەنی ساڵێک و پێنج مانگ بووە. ماڵباتە عەرەبەکە ئەوە ناشارنەوە کە کچی ئەوان نییە و لە ساڵی 2014دا لە ماڵباتێکی دیکەیان وەرگرتووە.
 
ھیشام مولا، پارێزەری ماڵباتە عەرەبەکە دەڵێت، "هەر کاتێک هەرکەسێک بانگەشە بکات کە ئەوە کچی ئێمەیە و بیسەلمێنێت، ئێمە رادەستی دەکەین و هیچ لارییەکمان نییە. ئامادەین هەر ماڵباتێک بیانەوێت پشکنینی بۆ بکەن، بەڵام دەبێت بێنە لای ئێمە و پشکنینی دی ئێن ئەی بکەن".
 
بە گوێرەی ئامارەکانی نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوان، دوو هەزار و 887 کوردی ئێزدیی دەستی داعش بێسەروشوێنن و پێشبینی دەکەن زۆربەیان لە موسڵ بن، بەڵام ناتوانن لەوێ کاربکەن.
 
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پرسی ئەو منداڵە کاری لەسەر کراوە. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خاچی سوور و نەتەوە یەکگرتووەکان خۆیان لەو بابەتە بکەنە خاوەن و فشار بخەنە سەر دەسەڵاتی موسڵ کە ئەو کەسوکارانەمان ئەوانەی لەنێو ئەو ماڵباتانەدا هەن هەموویان رادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە".
 
ماڵباتی ناڤین فەیسەڵ 11 کەس بوون، هەشتیان رزگار کراون، بەڵام باوک و خوشکێکیان بێسەروشوێنن و چارەنووسی ئەویش هەڵپەسێردراوە.