شاندێکی باڵای ئەمنی و سەربازیی عێراق ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆکی بەسەردەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی باڵای ئەمنی و سەربازیی عێراق بە یاوەریی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور سەردانی چەند خاڵێکی سنوورییان لە پارێزگای دهۆک کرد. سەرۆکی شاندە باڵاکە رایگەیاند، ئامانجیان زانینی قەبارەی لەشکرکێشیی تورکیا و دانانی پلانێکی گشتگیرە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بۆ کۆنتڕۆڵکرنی هێڵی سنووریی نێوان عێراق و تورکیا.
ئەمڕۆ سێشەممە 26-07-2022، شاندێکی باڵای ئەمنی و سەربازیی عێراق بە سەرۆکایەتیی جێگری فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و فەرماندەی گشتیی پاسەوانی سنوور، سەردانی چەند شوێنێکیان لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرد.
شاندە باڵاکەی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شەمەری، جێگری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و بە یاوەری قەیس حەمداوی، سەرۆکی ئەرکانی سوپا بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و لیوا روکن حەماد فازڵ دزەیی، فەرماندەى پاسەوانى سنوور لە ناوچەى یەک لە زاخۆ سەردانی ناحیەی دەرکاریان کرد، دواتر چوونە ناحیەی باتیفا، دواتر سەردانی چەند خاڵێکی پاسەوانی سنووریان لە ناحیەی کانی ماسێ کرد.
لەبارەی ئامانجی سەردانی شاندەکە، فەریق روکن عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، قسەی بۆ ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداو لە دهۆک کرد و رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کە رۆژی چوارشەممە 20ی تەممووز کرا، دوای تۆپبارانکردنی هاوینەهەواری پەرەخ کە بەهۆیەوە 9 هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون و 31 کەسی دیکەش بریندار بوون، بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەوەبوو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان هەڵسەنگاندنی بۆ هێڵی سنووری و دۆخی ئەمنیی نێوان عێراق و تورکیا".
بە گوتەی عەبدولئەمیر شەممەری، ئامانجەکەیان زانینی "قەبارەی هەبوونی خاڵە سەربازییەکانی سوپای تورکیا بوو لەنێو خاکی عێراق و ئاگاداربوونە لە وردەکاریی جوگرافیای ناوچەکە. ناوچەکە ناوچەیەکی سەختە پێویستی بە کردنەوەی رێگە و چەندین رێوشوێن هەیە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ برایانمان لە پێشمەرگە پلانێکی گشتگیرمان هەیە، کاری هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی هێڵی سنووری، دواتر کردنەوەی چەند خاڵێک لە هێڵی سفری سنووری نێوان عێراق و تورکیا، ئەمەش پێویستی بە گرتنەبەری چەند رێکارێک هەیە، پشتیوان بە خودا لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەم کارە دەکەین".
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق گوتیشی: "داوامانکردووە هێزی شەڕکەر لە لیواکانی یەک و دوو لە ناوچەی یەکی سنوور زیاد بکرێت، هەروەها پاڵپشتیکردنیان بە ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی پێویست و پڕچەککردنیان بۆ ئەوەی بتوانن خاڵی نوێ بکەنەوە و دەست بەو ناوچە سەختانەوە بگرن".
بۆ پڕکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور، عەبدولئەمیر شەممەری گوتی: "ئێمە بۆ پڕکردنەوەی میلاکی ئەو هێزانە قسە لەگەڵ بەڕێز فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەین، پێویستە میلاکی ئەو یەکانە پڕ بکرێتەوە و یەکەی نوێ دروست بکرێن بە مەبەستی دەستگرتن بە هێڵی سنوور، پێویستە بە وردی و بەهێزەوە دەست بە سنوور بگیرێت، هاوکات پێویستیان بە کامێرای چاودێری و کردنەوەی خاڵی نوێ هەیە، هەموو ئەو داواکارییانە بەرز دەکەینەوە لە چەند هەفتەی کەمی داهاتوودا پاڵپشتیان دەکەین".
هەر لەبارەی ئامانجی سەردانی شاندەکە، لیوا روکن حەماد فازڵ دزەیی، فەرماندەى پاسەوانى سنوور لە ناوچەى یەک قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد و گوتی: "لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە لیژنەیەک پێکهێندراوە بە سەرۆکایەتیی فەریق روکن عەبدولئەمیر شەممەری بۆ ئەوەی رووپێوی ناوچەکە بکەن بۆ ئەوەی بزانن تاوەکو چەند هێزەکانی تورکیا لەشکرکێشیان بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەها چی بکرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە خاڵی سفری سنووری".
حەماد فازڵ دەشڵێت: "هێزەکانی ناوچەی یەک بەس نییە بۆ ئەوەی بتوانین دەست بە هەموو هێڵی سنووری بگرین، پێشنیازی ئەوەیان کردووە ژمارەمان زیاد بکەن و هاوکارمان بن و خاڵی زیاتری سنووری دابنێین و بتوانین کۆنترۆڵی سنوور بکەین. لەو بڕوایەشدام شتی باش بکرێت".