پەروەردەی سلێمانی: مامۆستا و فەرمانبەران دەتوانن مامەڵەکانیان بە ئەلیکترۆنی رایی بکەن

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، مامۆستایان و فەرمانبەران دەتوانن لە رێگەی ئەپلیکەیشنی ئی-هەڵسەنگاندنەوە چاودێریی مامەڵەکانیان بکەن و ئیتر پێویست ناکات بچنە بەڕێوەبەرایەتییەکان.
 
رۆژی شەممە، 26ـی تەممووزی 2025، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "هەموو مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەتوانن لە رێگەی ئەپلیکەیشنی ئی-هەڵسەنگاندنەوە چاودێریی مامەڵەکانیان بکەن کە گەیشتووەتە چ ژوورێک، چەندی ماوە و لای چ بەڕێوەبەرێکە."
 
بە گوتەی نەژاد عەبدوڵڵا، مامۆستایان و فەرمانبەران دەتوانن هەنگاو بە هەنگاو ئاگاداری مامەڵەکانیان بن. گوتیشی: "ئەمەش لە بەرژەوەندیی مامۆستایان و فەرمانبەرانە، چونکە نە ماندوو دەبن و نە تێچووی هاتووچۆ دەدەن."
 
ئی-هەڵسەنگاندن خزمەتگوزارییەکی دیجیتاڵییە و هەموو مامۆستا و قوتابییان هەژماری تایبەت بەخۆیان هەیە. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، پێشتر ئەپلیکەیشنی ئی-هەڵسەنگاندن وەکو ئەزموون لە وەزارەت کاری پێدەکرا، بەڵام لە ئێستاوە لە بەڕێوەبەرایەتیی قەزا، ناحیە، ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگاکانیش کارا دەکرێت و ئەوانیش سوودی لێ دەبینن.
 
ئەم بڕیارە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەرتی حکومی و ناحکومییە و دەتوانن لە ماڵەوە چاودێریی هەموو مامەڵەکانیان بکەن.
 
لە 13-1-2025، ئەپلیکەیشنی ئی-هەڵسەنگاندن راگەیێندرا، کە خزمەتگوزارییەکە "رایەڵەی پەیوەندیی نێوان قوتابخانە و بەخێوکاری قوتابییان پتەوتر و ئاسانتر دەکات".