پارێزگای هەولێر: ئەوەی جنێوی بە خێرخوازێک داوە گوتەبێژ نییە و پۆستەکەی سڕاوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

فەرمانبەرێکی دیوانی پارێزگای هەولێر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی پۆستێکی کردووە و نووسیویەتی: "بێعەقڵێک 11 دەفتەر دۆلاری کردووە بە خێر بۆ غەززە." سەرچاوەیەک لە پارێزگای هەولێریش بە رووداوی گوت: "ئەو کەسە گوتەبێژی پارێزگا نییە و فەرمانبەرێکی ئاساییە و پۆستەکەمان پێ سڕیوەتەوە."

ئەمڕۆ شەممە، کەسێک بەناوی بەختیار جاف، کە لە بەشی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر فەرمانبەرە، لە فەیسبووکی کەسیی خۆی پۆستێکی لەبارەی خێرخوازێک کرد و نووسی: "بێعەقڵێک 11 دەفتەر دۆلاری کردووە بە خێر بۆ غەززە، عەمری خۆت و خێراتیشت نەمێنێت."
 
ئەو پۆستە دەنگدانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەبوو، رووداو پەیوەندی کرد بە بەرپرسێکی باڵای پارێزگای هەولێرەوە و لە وەڵامدا گوتی: "ئەو کەسە تەنیا فەرمانبەرێکی ئاساییە، نە گوتەبێژە و نە هەرگیز رێگەی پێدراوە بەناوی پارێزگا و پارێزگارەوە قسە بکات."
 
سەرچاوەکە گوتیشی: "دەستبەجێ پۆستەکەی پێ رەشکراوەتەوە."
 
ئەمڕۆ شەممە، موسعەب خۆشناو، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بەخشین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خێرخوازێک هاتە نووسینگەکەمان و 11 دەفتەر دۆلاری دانا بۆ خەڵکی غەززە، بەڵام ئامادەنەبوو نە ناوی بنووسین و نە هیچ ناونیشانێکی".