کەسێک لە پردی دەلالی زاخۆ کەوتەخوارەوە و خنکا
رووداو دیجیتاڵ
پیاوێک لە پردی دەلالی زاخۆ کەوتەخوارەوە و خنکا. تاوەکو ئێستا نازانرێت خەڵکی کوێیە.
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ روویداوە. زاخۆ ئەڤیندار عزەت، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی زاخۆ بە رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی کەوتەخوارەوە، دوای نزیکەی 20 خولەک تەرمەکەی دەرهێنرا و ئێستا لە دادپزیشکییە.
ئەمیر عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، تاوەکو ئێستا ناسنامەی کەسەکە دیار نیە، چونکە هیچی پێ نیە، تەمەنی لە نێوان 35 بۆ 40 ساڵە و پیاوە. کەسیشی لەگەڵ نەبوو، تاوەکو ئێستا کەسیش بەدەم تەرمەکەی نەهاتووە و نازانرێت خەڵکی کوێیە.
سەربەست عومەر، شایەتحاڵی رووداوەکە بووە و بە رووداوی گوت، "ئەو کەسە بەتەنیا بووە و گێژ بووە و کەوتووەتە نێو ئاوەکە."
بەگوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانیی زاخۆ، ئەم ساڵ ئەمە حەفتەمین کەسە لە سنوورەکە بخنکێت.