لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە باکووری کوردستان 5 کەس برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان نۆ ئۆتۆمبێلدا روویدا؛ لە ئەنجامدا پێنج کەس بریندار بوون.
دوێنێ ئێوارە، نۆ ئۆتۆمبێل لە رێگەی سەرەکیی نێوان شارۆچکەی ئەیووبیە و ناوەندی شاری رووها، خۆیان بەیەکدا کێشا و لە ئەنجامدا پێنج کەس بریندار بوون؛ دۆخی تەندروستیی چوار لە بریندارەکان جێگیر نییە.
دوای رووداوەکە، هاونیشتمانییان لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادارکردەوە و بریندارەکان بەخێرایی گوێزرانەوە نزیکترین نەخۆشخانە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای رووها، هۆکاری رووداوەکەی بۆ پێشبڕکێی نێوان دوو ئۆتۆمبێل گەڕاندەوە و رایگەیاند، سەرەتا رووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلدا بووە و حەوت ئۆتۆمبێلەکەی دیکەش خۆیان بە دوو ئۆتۆمبێلەکەدا کێشاوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ لە ئەنجامدا دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.