تورکیا کوژرانی سەربازێکی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند


رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای تورکیا کوژرانی سەربازێکی لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەیەک لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. هەپەگەش دەڵێت، سێ سەربازی تورکیایان کوشتوون. 

وەزارەتی بەرگریی تورکیا بەیانیی رۆژی شەممە، 26ـی ئابی 2023، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کوژرانی سەربازێکی بەناوی ئەرکان سەلجووق لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە ناوچەی زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان، راگەیاند. 
 
بەمەش، وەکو لە راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتە 103 سەرباز.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە کە رۆژی 25ـی ئابی 2023 بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە 24 کاژێری رابردوودا لە ناوچەکانی مەتین و زاپ لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، گەریلاکان لە چەند ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان چوار جار هێرشیان کردووەتەسەر هێزەکانی سوپای تورکیا و لە ئەنجامدا سێ سەرباز کوژراون. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 624 گەریلا و کوژرانی 103 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی دوو هەزار و 996 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 361 گەریلای راگەیاندووە.