بەهۆی بۆردوومانەکەی سەیرانگەی پەرەخ سکاڵا لەسەر تورکیا تۆمار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە زیانلێکەوتووانی بۆردوومانەکەی سەیرانگەی پەرەخی ناحیەی دەرکاری زاخۆ، سکاڵایان لەسەر تورکیا تۆمار کردووە. پارێزەری دۆسیەکە دەڵێت، ''بەپێی یاسا مەرج نییە ئەو کەسەی داوای قەرەبوو دەکاتەوە تەنیا خەڵکی تورکیا بێت''.
هۆشیار ئوزەلپ، پارێزەری دۆسیەکە لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین پێشکێشیکرد، رایگەیاند، 15 کەس سکاڵایان تۆمار کردووە کە چواریان خاوەنی رێستورانت، مارکێت و شوێنەکانی نێو سەیرانگەکەن و 11ـشیان خەڵکی گوندێکی سەر بە ناحیەی دەرکارن.
دوای نیوەڕۆی 20ـی تەممووزی 2022 لەلایەن سوپای تورکیاوە سەیرانگەی پەرەخ لە ناحیەی دەرکاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆردوومان کرا کە بەهۆیە 9 گەشتیاری عەرەبی خەڵکی پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق گیانیان لەدەستدا و 26 گەشتیاری دیکەش بریندار بوون، ئەوە جیا لە زیانە مادییەکان.
هۆشیار ئوزەلپ گوتی، ''لە باکووری کوردستانیش تاوەکو ساڵی 2004 ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکان بەهۆی بۆردوومانەوە چۆڵکرابوون کە زیانلێکەوتووان لە دادگە سکاڵایان تۆمار دەکرد و پاشان دۆسیەکەیان دەبردە دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و لەوێ مافی خۆیان وەردەگرت و قەرەبوو دەکرانەوە".
دوای ساڵی 2004، یاسایەک لە تورکیا دەرچوو کە تایبەتە بە دەستنیشانکردنی قەبارەی زیانەکانی دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی ''تیرۆر''دا. ئەو پارێزەرە ئاماژەی دا، لە هەر پارێزگایەکی باکووری کوردستان لیژنە پێکهێنراوە و نووسینگەیان بۆ کرایەوە بۆ ئەوەی بە خێرایی زیانەکانی بۆردوومان و شەڕ لە ناوچەکە دەستنیشان بکەن.
بەگوتەی هۆشیار ئوزەلپ، ئەو هاونیشتمانییانەی هەرێمی کوردستانیش لە رێگەی هەمان یاساوە سکاڵا تۆمار دەکەن؛ ''بەپێی یاساکە مەرج نییە کەسی زیانلێکەوتوو تەنیا خەڵکی تورکیا بێت، یان لە سنووری تورکیادا زەرەرمەند بووبێت، تەنیا مەرجێک کە هەیە، بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر زیانی بەرکەوتبێت".
وەک ئەو پارێزەرە ئاماژەی دا، یاساکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، یان بۆردوومانەکانی تورکیاوە زەرەرمەند بووبن، یان بەهۆی شەڕەوە ناچار بووبن گوندەکانیان چۆڵ بکەن.
گوتیشی، بەڵگەکانی تایبەت بە بۆردوومانی سەیرانگەی پەرەخیان پێشکێشی لیژنەکە کردووە، ''بەڵام پێشبینی دەکەین بەهۆی ئەوەی سکاڵاکانی باشووری کوردستان نوێن، تورکیا رەتیان بکاتەوە".
هۆشیار ئوزەلپ دەڵێت، ''ئەگەر تورکیا سکاڵاکە رەتبکاتەوە، دۆسییەکە دەبەینە دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کە بێگومان سکاڵاکە لە بەرژەوەندیی سکاڵاکەران یەکلایی دەکاتەوە".
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) کە بایەخ بە پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەدات، لە کانوونی دووەمی ساڵی 1991 تاوەکو حوزەیرانی 2024، بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هێرشە سەربازییەکانی ئەو دوو وڵاتەوە، 845 هاونیشتمانی و هاووڵاتی کوژراون، یان بریندار بوون.