زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان چەند بەشێکی زانستیی "نوێ و دەگمەن" لە کۆلێژەکانی دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان دەڵێت، بۆ ئەم ساڵی خوێندن چوار بەشی زانستیی ''نوێ و دەگمەن'' لە زانکۆکە کراونەتەوە کە خوێندکاران لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکانیشەوە دەتوانن داوکاری پێشکێش بکەن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 26-08-2024، د. چیا محەممەد، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئەم ساڵ چەند بەشێکی نوێ و دەگمەن لە زانکۆکە کراونەتەوە کە تەنیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان دا هەن".
 
وەک د. چیا محەممەد گوتی، بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025، بەگشتی 14 بەشی زانستی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان دا دەبن کە بەسەر دوو کۆلێژ و دوو پەیمانگەی کفری و کەلار دابەشکراون.
 
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان ئاماژەی دا، لەو 14 بەشە زانستییە، چوار بەشیان نوێن کە بریتین لە ''شیکاری خۆراک و تەندروستی و سیستمی بەڕێوەبردنی زانیاری لە کۆلێژی پۆلیتەکنیکی کفری، بەشی ژمێریاری، لە پەیمانگەی تەکنیکیی کفری، بەشی ئەندازیاریی کارەبا و کۆمپیوتەر لە کۆلێژی تەکنیکیی کەلار".
 
بەگوتەی د. چیا محەممەد، سەرەتا خوێندنەوە و بەدواداچوون بۆ هەلیکار و ویستی بازاڕ بۆ دەرچووانی ئەو چوار بەشە نوێیە کراوە و ''دەتوانین بۆ ئەم ساڵی خوێندن، ژمارەیەکی باش لە خوێندکاران وەربگرین".
 
وەک سەرۆکی زانکۆکە دەڵێت، ناوی ئەو چوار بەشە نوێیەش چووەتە زانکۆلاینەوە و خوێندکاران لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان دەتوانن داواکاریی خۆیان پێشکێش بکەن.
 
مانگی حوزەیرانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی دەربڕی دوو زانکۆی نوێ بە ناوەکانی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان بکرێنەوە.
 
لە ساڵی 1992ـەوە کەلار پەیمانگەی تەکنیکی هەیە کە ناوەکەی گۆڕدرا بۆ کۆلێژی تەکنیکی و سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییە، بە کردنەوەی ئەم زانکۆ پۆلیتەکنیکییە سەربەخۆ بووە و سەربە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی نەماوە.