پۆستی پارێزگاری کەرکووک؛ بۆمبی نێوان کورد و عەرەبی سوننە
رووداو دیجیتاڵ
هەموو رێککەوتنێکی سیاسی، بگرە هەموو بەڵێنێک ئەگەری هەیە ببێتە پریشکی ئاگر. ئەمە لە کەرکووک وایە، باسی قەیرانێک دەکەین، نە لەسەر نەوتە و نە لەسەر خاک. بەڵکو لەسەر پۆستی پارێزگارە.
لە کەرکووک ململانێ لەسەر پۆستی پارێزگارە، عەرەبی سووننە دەڵێن: نۆرەی ئێمەیە، سەردەمی کورد لە ئیدارەدانی ئەم شارە لایەنی کەم بۆ قۆناخی داهاتوو کۆتایی دێت.
خەریکە پۆستەکە ببێتە بۆمبێکی تەوقیتکراو، کەس نازانێت کەی و چۆن دەتەقێتەوە. راستتر بڵێین، عەرەبی سووننە بە هێڤیدار ئەحمەد، پێشکێشکاری بەرنامەی (هێشتا ماویەتی) رووداویان گوت: پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە کۆتایی ئەم ساڵ وەک ئەوەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، بە خۆشی بێت، یان بە هێز، هەر وەردەگرینەوە. بۆ ئەمەش خۆیان ئامادە دەکەن.
بۆ ئەوەی باشتر لە هەڵوێستی عەرەبی سووننەی کەرکووک تێبگەین، رووداو بەرەو رۆژئاوای کەرکووک چوو، حەویجە، دڵی سوونەکانی پارێزگاکە.
رووداو مەبەستی بوو بچێتە گوندێک کە بڕیاری سووننەی کەرکووکی تێدا دەدرێت. گوندی ماحۆزە، هۆزی جبوور لەوێوە لە کەرکووک بڵابوونەوتەوە. لەوێ رێی ماڵی سەرۆک هۆزەکەیان پێ نیشاندان.
شێخ ئەبو جەلۆ، پیاوێکی باڵا بەرزە و ئامر لیوا بووە لەنێو هێزی حەشد، بە زمانی هەڕەشە وەڵامی مەبەستی سەردانەکەی تیمی رووداوی بۆ گوندەکەی دایەوە.
لە پشت هەڕەشەکانی ئەبو جەلۆ، هێزێکی سەربازی هەیە، بە تیمی رووداویان گوت، زیاتر لە 100 ئەفسەری سەربازی و ئەمنی بەس لە گوندەکەی ئەودا هەن.
عەرەبی سوننەی کەرکووک پێیان وایە، کاتی گەڕاندنەوەی پۆستی پارێزگار هاتووە. بۆیە زمانی هەڕەشە بە چەک لەدیوانی شێخەکە بەکار هات.
لەسەر دیوارەکانی گوند، ئومێدی خۆیان نووسیوە، وا خۆرەکە بۆیان هەڵدێت.
تیمی رووداو گەڕایەوە کەرکووک و هەستی بە دۆخێکی نائاسایی کرد.
رێککەوتنی دابەشکردنی پۆستی پارێزگار لە 10-08-2024، لەنێوان یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان و بەشێک لە عەرەبی سوننەی کەرکووک کراوە. بەگوێرەی رێککەوتنەکە پۆستی پارێزگار ساڵێک و 3 مانگ لای یەکێتی دەبێت، دواتر لە رۆژی کۆتایی ساڵی2025 رادەستی عەرەبی سوننە دەکرێت.
بۆ وەرگرتنی وەڵامی پرسیاری سەرەکیی بەرنامەکە، "ئایا پۆستی پارێزگاری کەرکووک رادەستکرێت؟"، تیمی رووداو سەردانی پارێزگاری کەرکووکیان کرد.
رێبوار تەها، پارێزگاری کوردی کەرکووک، لە ئۆفیسەکەی تیمی رووداوی بینی. پێش ئەوەی پرسیار لێبکەن، بە نامەیەک داوای کرد پرسیاری چارەنووسی پۆستی پارێزگاری لێ نەکەن؟ بەڵام رووداو رێک بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە لای ئەو بوو.
پێکەنینەکەی پارێزگار کورت بوو. بەڵام راگەیاندنێکی روون بوو: کورسییەکە جێناهێڵێت.
رێبوار تەها، نەیزانی رۆژێک ژووری حوکمڕانییەکەی دەکەوێتە بەردەم ماڵی خوشکەکەی، داوای کرد ئەم چیرۆکە باس بکات، ئەو پێی وایە کورسی پارێزگار وەک هێڵی بەرگرییە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی دەسەڵاتێک ئەوان ئازار بدات.
پەیامە ناڕاستەوخۆکانی پارێزگار لەسەر مانەوەی لە پۆستەکەی کۆتایی نەهات، لەگەڵ تیمی رووداو بەنێو شاردا گەڕا، هەندێ باسی ژیانی خۆی کرد، تاوەکو گەیشتنە گەورەترین پڕۆژە لە ناوچەی رەحیم ئاوا، کە ئێستا کاری تێدا دەکەن.
پەیامنێری رووداو لەوێ و بە مەیدانی ویستی بزانێت ئایا وەکو پارێزگار دەمێنێتەوە؟ رۆژەکانی کارکردنی ئەم پڕۆژەیە واتای ئەوەیە پارێزگار دەمێنێتەوە؟
بۆ پێشکێشکاری رووداو دەرکەوت پێویستی بە پرسیاری دیکە نییە دەربارەی رادەستکردنی پۆستەکە لە کۆتایی ئەم ساڵ، چونکە پەیامەکانی پارێزگار روون و ئاشکرا بوون، "من ناڕۆم".
گەڕەکی رەحیمئاوا بە گەورەترین گەڕەکی کوردنشین لە کەرکووک دادەنرێت، شەقامی کوردستانی لە کەرکووک نەرمتر لە سیاسییەکان قسە دەکەن، بەڵام دەڵێن، "دەبێ کورد لەم شارە هەر یەکەم بێت".
لای کورد، هەر سازشێک وەک گەڕانەوە بۆ دواوە دەخوێندرێتەوە. لای عەرەبیش، هەر سووڕبوونێکی کورد وەک هەنگاوێکی ورووژێنەر دەبینرێت. ئاوا تۆوی جەنگێکی نوێ لە شەقامێکدا دەچێندرێت، کە بێدەنگ دەکوڵێت.
لە ئۆفیسی خۆی لە نێو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پێشکێشکاری رووداو زاهیر عاسی بینی، کە ئەندامی عەرەبی سوننەیە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئۆفیسەکەی پڕ بوو لە خەڵک، سکاڵای بێئاوی دەکەن لە گوندەکانیان. عاسی بە دەستی خۆی رێککەوتنی ئیمزا کردووە بۆ ئەوەی رێبوار تەها ببێت بە پارێزگار، بەڵام دەڵێ "پەشیمانم".
زاهیر عاسی بەرامبەر بە خەڵک سمێڵی گرتووە، دەڵێ بەڵێنێکی سیاسیی قورس خەریکە بەسەرماندا تێدەپەڕێت. وەک ئەوەی بڵێ، "ئەگەر پۆستەکە رادەستنەکرێت، قەسەم بێ سازش نەکەین."
ئەوەی تیمی رووداو لە کەرکووک گوێبیستی بوو، کێشەکە زۆر لەوە قووڵترە کە کێ پارێزگار بێت، بەڵکو کێ؟ بەچ هێزێک و بە چ شەرعییەتێک حوکم دەکات؟ چونکە هەموو ئاگربەستێک لێرە تەمەنی کورتە و هەموو رێککەوتنێکیش بە تەقینەوە کۆتایی هاتووە.