دەستەی مافی مرۆڤ: لاهوور شێخ جەنگیمان بینیوە و بەمزووانە پەیامێک بڵاودەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
سلێمان سندی، گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە زیندان لاهوور شێخ جەنگییان بینیوە و دەستەکەیان لە ماوەیکی نزیک دا پەیامێکی فەرمییان دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26-8-2025، سەرچاوەیەک لە دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، سەردانی کراوە و "دۆخی تەندروستیی لاهوور شێخ جەنگی زۆر باشە".
رۆژی رابردوو لە بووڵتەنی کاژێر 12:00 کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رووداو بڵاویکردەوە کە یەکێتی دانپێدانانی لاهوور شێخ جەنگی تۆمارکردووە.
هەروەها دانپێدانانی چەند کەسێکی دیکەش لە هێزەکەی و نزیکەکانی تۆمارکراون و ئەمڕۆ یەکێتی لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە باسی ئەو پرسەش دەکات.
لەبارەی شوێنی زیندانیکردنەکەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو "لاهوور شێخ جەنگی لە ئاسایشی سلێمانی راگیراوە".
لە دوای دەستگیرکردنییەوە لە 22ـی ئاب لەگەڵ برایەکی و بەشێکی هێزەکەی، بۆ یەکەم جارە بە فەرمی هەواڵی سەردانی لاهوور شێخ جەنگی بڵاوببێتەوە.
یەکێتی دەڵێت، هەوڵی کودەتا و "تیرۆرکردنی" بافڵ تاڵەبانی هەبووە و دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگیش پەیوەندی بەو کەیسەوە هەیە.