وردەکاریی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران؛ بەغدا داوای 120 ملیار دینارەکە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات، بەڵام ناردنی پارەکەی بەستووەتەوە بەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار لە داهاتی نێوخۆی رادەستی بەغدا بکات.
 
سەبارەت بە میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتی هەرێمی کوردستان، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "بەغدا پێش ئەم رێککەوتنە داوای 100٪ـی داهاتەکانی دەکرد. ئەوەی لە بڕگەی یەکەمی ماددەی 21 هاتووە دەڵێت، 80٪ی داهات بۆ پارێزگاکانە و 20٪ بۆ وەزارەتی داراییە، بەڵام هەرێمی کوردستانی تێدا نییە و ناکرێت وەک پارێزگاکانی دیکە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت. لە دەستووردا هاتووە قەوارەی هەرێم، هەرێمە."
 
هاوکات لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاردراوە لیژنەی نوێ پێکبهێندرێن کە نوێنەرانی ژووری یاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی عێراقی تێدا دەبێت. ئەم لیژنانە لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکانی هەولێر و بەغدا کۆدەبنەوە و دەبێت تاوەکو رۆژی سێشەممەی داهاتوو کارەکانیان تەواو بکەن.
 
مستەفا گەڕعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، جەخت لەسەر چارەسەری ریشەیی کێشەکان دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەگەر هەموو ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانەی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت مووچەی فەرمانبەران، چارەسەر نەکرێن، تاوەکو کاتێکی نادیار هەر دەمێننەوە. لە گرنگترین چارەسەرەکان بەجێکردنی مووچە و رادەستکردنی داتای فەرمانبەرانە بە حکومەتی فیدراڵی و هاتنی دیوانی چاودێریی دارایی، هەروەها پرسی داهاتە نانەوتییەکانە بۆ حکومەتی فیدراڵی. دەبێت هەموو ئەمانە یەکلایی بکرێنەوە بۆ ئەوەی گوشار لەسەر فەرمانبەران دروست نەبێت."
 
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تەنیا تایبەتە بە مووچەی مانگی حوزەیران و چارەنووسی مووچەی مانگەکانی داهاتوو، پشت بە ئەنجامی کاری لیژنە نوێ و هاوبەشەکان دەبەستێت.
 
بەغدا لەکاتێکدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت کە بەشی هەرە زۆری مووچەخۆران، بەشێکی زۆری مووچەکەیان دەبێت بیدەنەوە بە قەرزەکانیان کە لە پێشووتردا بەهۆی بێمووچەییەوە وەریانگرتووە، لەکاتێکدا هێشتا نازانن مووچەی داهاتوویان لە چ کاتێکدا پێدەدرێت.