پاککەرەوەی نەخۆشخانەکانی سنووری راپەڕین 4 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و بایکۆتی دەوامیان کردووە

رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک لە بەشێک لە نەخۆشخانەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین، بووەتە هەڕەشەیەکی تەندروستیی نوێ، دوای ئەوەی بەشێکی زۆری کارمەندانی پاککەرەوە بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەی چوار مانگیانەوە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
 
ئایش رەسووڵ، یەکێکە لە کارمەندانی پاککەرەوە لە نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە. ئەو زیاتر لە چوار مانگە بەبێ مووچە و "بە قەرز" هاتووچۆ دەکات و دەڵێت: "ئێستا بە خۆبەخشی ئیش دەکەین و پارەمان قەرز کردووە بۆ شتکڕین. خەستەخانەکە بە بن زبڵ و پیسی کەوتووە و بۆنی گەنیوی لێدێت. دەستمان لەم خوێن و پیسی و گەنیوییە ناوە و ناچاریشین دەبێ ئیش بکەین."
 
پێشتر ئەرکی پاککردنەوەی نەخۆشخانەکانی راپەڕین بە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت سپێردرابوو، کە بە مووچەی مانگانەی 300 بۆ 350 هەزار دینار گرێبەستی لەگەڵ کارمەنداندا کردبوو.
 
خالید عەلی، کارمەندێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات کە مانگرتنەکەیان چ کاریگەرییەکی دروستکردووە و دەڵێت: "ئەرکی من ئۆکسجین بەڕێکردن و وەرگرتنە. ئێمە کە بایکۆتمان کردووە گرفت دروست بووە، چونکە نەخۆشخانەکە پاکوخاوێنیی پێوە دیار نییە و ناو قاوشیش جێگە نییە بڕۆیت لەبەر زبڵ و پیسایی."
 
بەپێی زانیارییەکان، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین 265 پاککەرەوە لە نەخۆشخانەکاندا کاردەکەن و ماوەی دوو هەفتەیە بەهۆی خەرجنەکردنی مووچەکانیانەوە مانیان گرتووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین دەڵێت، کێشەکە دوای ئەوە دروست بووە کە کۆمپانیا جێبەجێکارەکە ئامادە نەبووە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و ئێستا جارێکی دیکە پرۆسەکە دراوەتەوە تەندەرین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کۆمپانیایەک ئامادەیی نیشان نەداوە.
 
تەها محەممەد، گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین، بە رووداوی راگەیاند: "ئەوانە چینێکی گرنگی تەندروستین و پشتیوانی لە داواکارییەکانیان دەکەین. هۆکاری کێشەکە ئەوەیە کە کۆمپانیاکە کاتەکەی تەواو بووە و ئامادە نەبوو گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، بۆیە ئێستا کارەکان لە رێگەی حکومەتەوە راستەوخۆ جێبەجێ دەکرێن. هەموو نووسراو و پێداویستییەکانی مووچەی ئەم چوار مانگە ئامادەکراوە و لە وەزارەتی داراییە، چاوەڕێین رەزامەندیی وەزارەتی دارایی بگەڕێتەوە و مووچەکانیان بۆ خەرج بکرێت."
 
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، 116 نەخۆشخانە، بنکە، مەڵبەند و سەنتەری تەندروستی هەن، کە بەهۆی دانەمەزراندنی کارمەندی نوێوە، زۆربەی بەشەکانیان بە کارمەندی خۆبەخش و گرێبەست پڕکراونەتەوە، ئەمەش کێشەی لەم جۆرەی لێکەوتووەتەوە.