داهاتی مانگانەی سلێمانی لە 139 ملیار دینارەوە بۆ 51 ملیار کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی مانگانەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 63% دابەزیوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی ئەو دوو پارێزگایە لە 25ـی تەمموزەوە تاوەکو ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی ئاب، 51 ملیار و 119 ملیۆن و 478 هەزار و 794 دینار بووە.
داهاتی مانگێک پێشتری هەردوو پارێزگاکە کە ماڵپەڕەکە پێشتر بڵاوی کردووەتەوە ، 139 ملیار و 154 ملیۆن و 327 هەزار و 716 دینار بووە، بەو پێیەش داهاتەکە لە ماوەی مانگێکدا زیاتر 63% کەمیکردووە.
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی 6 گەنجینە لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەوە کۆدەکرێنەوە.
داهاتی مانگی رابردووی شەفافییەت 83%ـی نەختینە بووە و 17%ـی چەک بووە.
داهاتی پار لەو سنوورانە زیاتر لە 900 ملیار دینار بووە و ئەم ساڵیش تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 603 ملیار دینارە.
رۆژی 15-12-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردنەوەی ماڵپەڕی شەفافیەتی راگەیاند.
بە دروشمی "بەسیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"، نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی ماڵپەڕەکە دەکات.