ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: پشتیوانی سەرەکیی دۆزی فەلەستینین

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رەخنە لە کۆبوونەوەکەی هەولێر دەگرێت و دەڵێت، "بە هەموو شێوەیەک ئەو جۆرە کۆبوونەوانە رەتدەکەنەوە، ئیدی لە هەرێمی کوردستان بێت یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق". هاوکات پشتیوانیی خۆیشی بۆ دۆزی فەلەستین رادەگەیێنێت.
 
رۆژی هەینی 24-09-2021 ژمارەیەک کەسایەتیی عەرەب لە شاری هەولێر کۆبوونەوەیەکیان لەژێر ناوی (السلام والاسترداد) ئەنجامدا و تێیدا پشتگیریی خۆیان دەربڕی بۆئەوەی عێراق پەیوەندیی فەرمیی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت.
 
رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی گەشەپێدان و بیر و هۆشیاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکدا بە ناوی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەیەوە رایگەیاند، "ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنن کە بە هەموو شێوەیەک ئەو جۆرە کۆبوونەوانە رەتدەکەینەوە، ئیدی لە هەرێمی کوردستان بێت یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق. رایدەگەیێنین کە پشتیوانیی دۆزی دادپەروەرانەی فەلەستین دەکەین. هەروەکو دووپاتیدەکەنەوە هەر هەڵوێستێک گرێدراو بێت بە سیاسەتی دەرەوە، ئەوا بەپێی دەستووری عێراق تەنیا لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە".
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی ئاماژە بەوەشدەدات، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرکۆنەی هەر هەوڵێک دەکات، کە دەست بۆ پرەنسیپ و سیاسەتی دەرەوەی عێراق ببات و سەقامگیری و ئاسایشەکەی تێکبدات و قەیران دروستبکات".
 
رزگار حاجی حەمە دەشڵێت، ستایشی هەوڵەکان دەکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و "دوای هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتنی هاوپەیمانیی کوردستان، قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندیی نیشتمانیی پتەوی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند لە هەموو ئاستەکان بەدیدێت، لەوانەش بابەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی دەرەوە".
 
هەریەکە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، حکومەت و وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان کاردانەوەیان لەبارەی کۆبوونەوەکە پیشانداوە و بێئاگایی خۆیان لە نێوەڕۆکەکەی دەربڕیوە؛ ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەو بۆچوون و هەڵوێستانەی لەو کۆبوونەوەیەدا دەربڕاون، به‌‌ هیچ شێوەیه‌ک بۆچوون و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی هه‌رێمی کوردستان نییه‌.