''‏60 مۆبایل'' لە دووکانێکی شەقامی مەولەویی سلێمانی دەدزرێت

رووداو دیجیتاڵ 

لە شەقامی مەولەوی شاری سلێمانی دزی لە ‏دووكانێكی مۆبایلفرۆش دەكرێت، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێ: دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە ‌و بەڵگەشیان بۆ ئاشكراكردنی تاوانەكە ‏دەستكەوتووە.
 
سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی ‏راگەیاند، كاژێر 2:00ی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە دزی لە دووكانێكی ‏مۆبایل فرۆشی شەقامی مەولەوی كراوە، بەپێی قسەی دووکاندارەکە "60 مۆبایلی لێ دزراوە".‏
 
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەش كرد جگەلە پاسەوانی بازاڕەكە ‏لەو شەقامەدا كامێرەی چاودێریش هەیە گوتیشی "بۆیە بەڵگەی پێویست ‏لەبەردەستە بۆ ئاشكراكردنی ئەو كەسانەی تاوانەكەیان كردووە."
 
بەشێكی زۆری دووكانەكانی شەقامی مەولەوی لە شاری سلێمانی كاری ‏فرۆشتنی مۆبایل دەكەن.