وەزارەتی پلاندانانی عێراق رووپێوى دارایی بۆ کۆمپانیاکانى گواستنەوە و گەیاندنى هەرێمى کودستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى پلاندانانى عێراق رووپێویى دارایی گشتگیر بۆ کۆمپانیاکانى گواستنەوە و گەیاندنى کەرتى تایبەت دەکات، گوتەبێژى ئەو وەزارەتە، دەڵێت: "رووپێوییەکە کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە و ئامانج لێى کەمکردنەوەى مامەڵەى نەختینەیی داراییە".
وەزارەتى پلاندانانى عێراق لە 25ى ئەیلوولەوە رووپێویى دارایی گشتگیری دەستپێکردووە بۆ کۆمپانیاکانى گواستنەوە و گەیاندنى کەرتى تایبەت لە عێراق. رووپێوییەکە لەلایەن دەزگاى ناوەندیى ئامارەوە دەکرێت، بەگوێرەى راگەیێندراوێکى ئەو وەزارەتە یەکەمجارە لە عێراق رووپێویەکى لەوجۆرە بکرێت.
رۆژی 26ى ئەیلوولى 2023، عەبدولزەهرە هنداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند؛ ئەو رووپێوییە بۆ کۆمپانیاکانى کەرتى گواستنەوەى وشکانى، ئاسمانى، دەریایی و کۆمپانیاکانى گەیاندنى کەرتى تایبەت لە سەرجەم پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستانیش دەکرێت."
سەبارەت بە ئامانجی رووپێوییەکە عەبدولزەهرە هنداوى گوتى: "ئەو رووپێوییە زانیارى مامەڵەى دارایی ئەو کۆمپانیایانە و پارەدانى ئەلیکترۆنى و چەند وردەکارییەکى دیکەى دارایی دەگرێتەوە و ئاماج لێى کەمکردنەوەى مامەڵەى دارایی نەختینەیە بۆ ئەوەى هەنگاو بەرەو مامەڵەى دارایی ئەلیکترۆنى بنرێت".
بەگوێرەى راگەیێندراوەکەى وەزارەتى پلاندانى عێراق، ئەو رووپێوییە رۆڵ دەبینێت لە هەژمارکردنى بەرهەمى ناوخۆیی و دەستبەرکردنى زانیارى بۆ خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکان و رەخساندنى دەرەفەتى کار و پڕۆژەى بچووک.