بەرپرسی مەیدانیی سەرژمێری: کۆچی نێوخۆیی و دەرەکیش بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی مەیدانیی سەرژمێری لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەگەر هاووڵاتییان لە شوێنی دیکەوە هاتبنە هەرێمی کوردستان، لە رۆژی سەرژمێریدا شوێنی پێشوویان و هۆکاری کۆچکردنەکەیان تۆمار دەکرێت.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-09-2024، گۆهدار محەممەد، بەرپرسی مەیدانیی سەرژمێری لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە محەممەد عیزەدین پێشکێشیکرد، رایگەیاند: ''بۆ سەرژمێری پێویست ناکات خەڵک ناوی خۆیان تۆمار بکەن، بەڵکو تیمەکانی ئێمە لە کاتی خۆیدا سەردانی سەرجەم ماڵەکان دەکەن و ناوەکانیان تۆمار دەکرێت.''
 
لە یەکى ئەیلوولى ئەم ساڵەوە پرۆسەى گەمارۆسازى و ژمارەلێدانى باڵەخانەکان لە عێراق دەستیپێکرد، کە یەکەم قۆناخى کرداریی سەرژمێرى گشتى دانیشتووانە. گۆهدار محەممەد گوتی: ''لە قۆناخی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان، ئێمە وەکو دەستەی ئامار بە هەموو تیمەکانمانەوە سەردانی گشت شوێن، گەڕەک و گوندەکان دەکەین و سەرجەم ئەو بینایانەی کە هەن، بەپێی ئەو سیستمەی کە هەیە، ژمارەیان بۆ دادەندرێت.''
 
بڕیارە لە 20ى تشرینى دووەم لە عێراق و هەرێمى کوردستان سەرژمێریی گشتی بکرێت. بەرپرسی مەیدانیی سەرژمێری لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا،  لەو پرۆسەیەدا تیمەکانى سەرژمێرى دابەش دەکرێن بەسەر چەند بلۆکێکدا و بەپێی گەورەیی گەڕەک یان شوێنەکان، بۆ نزیکەی هەر 100 بینایەک بلۆکێکی ئاماری دادەنرێت و لە گوندەکانیش بۆ نزیکەی 25 بینا، یەک بلۆک دیاری دەکرێت.
 
بەگوتەی گۆهدار محەممەد، کاتێک تیمەکانیان بۆ گەمارۆسازی و ژمارەلێدان سەردانی بیاناکان دەکەن، لە بواری نیشتەجێبوونەوە بەدواداچوون بۆ بیناکان دەکرێت، کە کەسیان تێدایە، چۆڵن یان داخراون، ''لە هەر سێ حاڵەتدا ئەم بینایانە لە تابلێتی کارمەندانی سەرژمێریدا تۆمار دەکرێن، چونکە ئەگەری هەیە گۆڕانکاری تێیاندا ببێت''.
 
بەرپرسی مەیدانیی سەرژمێری لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتی گەمارۆسازی و ژمارەلێداندا سەرجەم بیناکان تۆمار دەکرێن، ''چی ئەوانەی شوێنی نیشتەجێبوون بن، یان شوێنی بازرگانی و هەر شوێنێکی دیکە، بەڵام بۆ قۆناخی سەرژمێری، تەنیا سەردانی ئەو شوێنانە دەکرێت، کە شوێنی نیشتەجێبوونن و خەڵکیان تێدایە.''
 
ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق بە هۆکاری جۆراوجۆر لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەژین، گۆهدار محەممەد ئەوەشی خستەڕوو، ''لە رێگەی پڕۆسەکەوە جووڵەی خەڵک، کۆچی نێوخۆیی و دەرەکیش تۆمار دەکرێت، بە جۆرێک کە لە رۆژی سەرژمێریدا، هاووڵاتییان لەسەر ئەو شوێنە تۆمار دەکرێن کە لێی نیشتەجێن، بەڵام پرسیاریان لێ دەکرێت کە پێشتر لە کوێ بوون و هۆکاری کۆچکردنیان چی بووە.''
 
30ـی تشرینى یەکەم وەک دوا وادەى کۆتاییهاتنى پرۆسەى گەمارۆسازى و ژمارەلێدانى باڵەخانەکان دیاریکراوە، گۆهدار محەممەد دەڵێت، ''لەوانەیە پڕۆسەکە لە هەندێک شوێن زووتر تەواو بکرێت، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا دەبێت بۆ 1ـی تشرینی دووەم تەواو بێت، بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەکارییەکانی قۆناخی سەرژمێری بکرێت.''
 
لەدواى 37 ساڵ یەکەمجارە سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان بکرێت.