کێشەى 550 ملیۆن دینارى سویسرى لە سلێمانى دەبرێتە دادگەى فیدراڵى عێراق

رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق تاوتوێى سکاڵایەک دەکات کە کەسێک بە نوێنەرایەتیى 12 هەزار خێزان لە سلێمانى پێشکەشى کردووە، بۆ یەکلاکردنەوەى چارەنووسى 550 ملیۆن دینارى سویسرى جۆرى 25 دینارى، کە لەلایەن حکومەتى پێشووى عێراق کشێنراوەتەوە بەبێ ئەوەى خاوەنەکانیان قەرەبوو بکاتەوە، بە گوتەى نوێنەرى ئەو خێزانانە بەهاى ئەو پارەیە بە نرخی دراوی ئێستای عێراقی دەگاتە زیاتر لە 82 ملیار دینار.
 
سکاڵاکە لەلایەن عەبدولڕەحمان عومەر پێشکەش کراوە وەک نوێنەرى ئەو خێزانانەى ئەو جۆرە پارەیەیان هەیە.
 
چیرۆکى کێشەکە لە 4ی ئایارى 1993 دەستیپێکردووە کاتێک ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕشى پێشوو بە بڕیارێک دراوى کاخەزى جۆرى 25 دینارى کە لە نێو خەڵک بە سویسرى ناسرابوو، کشاندووەتەوە و مافى بەو کەسانە داوە کە ئەو پارەیەیان هەیە بیگۆڕنەوە بە جۆرى دیکەى دراو.
 
عەبدولڕەحمان عومەر کە سکاڵاى پێشکەش کردووە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو کاتەى بڕیارەکە دەرچووە رێگەى هاتووچۆ لە ناوچەکانى ژێردەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى داخرابووە و رێگەش نەدراوە کە ئەو بڕە پارەیە ببرێتە ئەو سنوورە بە مەبەستى گۆڕینەوەى، جگە لەوەش ئەو جۆرە پارەیە هەڵنەوەشێنراوەتەوە، بەڵکو کێشراوەتەوە، بۆیە سکاڵامان پێشکەش کردووە."
 
بە گوێرەى بڕیارى کشانەوەى ئەو جۆرە پارەیە، ماوەى یەک هەفتە لەبەردەم ئەو کەسانە هەبووە کە 25 دینارییان هەبووە بۆ ئەوەى لە بانکەکان بیگۆڕنەوە و وادەکەش لە 10ی ئایارى 1993وە دەستیپێکردووە.
 
عەبدولڕەحمان عومەر رایگەیاند، 12 هەزار خێزان لە سلێمانى ئەو جۆرە پارەیەیان هەیە کە بەتێکڕا 550 ملیۆن دینارە و بەهاکەى بۆ ئێستا دەگاتە 82 ملیار دینار.
 
لەساڵى 2003 پارەى چاپکراوى ئەو کاتەى عێراقى گۆڕدرا بە جۆر و چاپى نوێ کە هەر دینارێکى بەرامبەر بە 150 دینارى چاپى نوێ بوو.
 
بەگوتەى سکاڵاکارەکە پێشتر داواکراوە ئەو کەسانەى کە پارەى 25 دینارییان هەیە فۆڕمێک پڕ بکەنەوە کە ژمارەى سەر دراوەکەى تێدا بنووسن بە مەبەستى قەرەبووکردنەوەیان.
 
بەگوێرەى خشتەى کۆبوونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بڕیارە چوارشەممەى داهاتوو یەکى تشرینى یەکەم دانیشتنى دادگە لەبارەى ئەو سکاڵایەوە بکرێت.