باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەی بەریتانیا: رێککەوتنی نەوت هەنگاوە بەرەو خۆشگوزەرانی

رووداو دیجیتاڵ
 
باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا و کۆنسووڵخانەی گشتیی وڵاتەکە لە هەولێر پێشوازییان لە رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کرد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دەڵێن، "هەنگاوێکی گرنگە بۆ خۆشگوزاری هاووڵاتیان".
 
رۆژی هەینی 26ی ئەیلوولی 2025، باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق و کۆنسووڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، "پێشوازی لەو رێککەوتنە مێژووییەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین بۆ کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا". 
 
هەردوو ئۆرگانە دیبلۆماسییەکەی بەریتانیا دەشڵێن، "ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی وەبەرهێنانی زیاتر و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی هاووڵاتیانی عێراق". 
 
دوو نوێنەرایەتییەکەی بەریتانیا لە بەغدا و عێراق دەستخۆشی لە بەغدا و هەولێر دەکەن "بۆ پابەندبوونیان بە دیالۆگ بۆ گەیشتن بەم پێشکەوتنە".
 
دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە وەستانی، هەولێر و بەغدا ئەم هەفتەیە رێککەوتن هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەستپێبکاتەوە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کاژێر 06:00ـی بەیانیی رۆژی شەممە، رۆیشتنی نەوت بە بۆریەکەدا دەستپێدەکاتەوە. 
 
دوێنێ، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە، "پێشوازی لە راگەیاندنی ئەو رێککەوتنە دەکەین کە لەنێوان حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا کراوە بۆ وەگەڕخستنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا؛ رێککەوتنێک کە ئەمریکا ئاسانکاریی بۆ کردووە و سوودی بەرچاوی بۆ ئەمریکی و عێراقییەکانیش دەبێت".
 
روبیۆ هەروەها گوتیشی، "ستایشی هەوڵە یەکلاکەرەوەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی عێراق، هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە ئەم پێشکەوتنەیان بەدیهێنا".