گەنەل ئینێرجی: پێشوازی لە رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
گەنەل ئینێرجی دەڵێت. پێشوازی لە رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا لە نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت دەکەن.
 
گەنەل ئینێرجی لە ریگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە: "بەردەوام دەبین لە فرۆشتنی نەوتی کێڵگەی تاوکێ بە پاڵاوگە نێوخۆییەکان، ئەوەش بەپێی ئەو راگەیێندراوەی بەیانیی ئەمڕۆ کۆمپانیای DNO بڵاویکردبووەوە."
 
گەنەل ئینێرجی و DNO لە کێڵگەی تاوکێ بە هاوبەشی نەوت بەرهەمدەهێنن و پێشتر ناڕەزایەتییان لە رێککەوتنەکە دەربڕیبوو.
 
بەیانیی ئەمڕۆ DNO لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "کۆمپانیای دی ئێن ئۆ خۆشحاڵە کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە و نەوت رەوانەی بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت."
 
ئەم هەنگاوەی کۆمپانیاکە دوای رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نێودەوڵەتیی نەوت دێت.
 
بەپێی رێککەوتنەکە، دی ئێن ئۆ پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نەوتی کێڵگەی تاوکێ، کە ئێستا بە تێکڕا 38 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، بۆ هەناردەکردن رادەست دەکات. بڕی 30 هەزار بەرمیلی دیکەی رۆژانە، کە پشکی بەڵێندەرە بیانییەکانە و دی ئێن ئۆ و گەنەڵ ئێنێرجی ئینتەرناشناڵ لەخۆدەگرێت، بەپێی گرێبەستە کارپێکراوەکان بە کڕیارانی نێوخۆیی دەفرۆشرێت.
 
کۆمپانیاکە دەڵێت، بڕیاریان داوە لەم قۆناخەدا راستەوخۆ بەشداری لە هەناردەکردندا نەکەن و بەردەوام دەبێت لە فرۆشتنی نەوتەکەی بە شێوەی مانگانە و کاش بە نرخی نزیکەی 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.