لە ئەنجوومەنی وەزیران هەوڵی نێچیرڤان بارزانی لە رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتدا بە مێژوویی پێناسە کرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت بە مێژوویی پێناسە کردووە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش سوپاسی هەوڵەکانیان کردووە.
24ـی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە "تایبەت بوو بە خستنەڕوووی بابەتی رێککەوتنی سێ لایەنەکەی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان".
وەزیرێکی بەشدار لە کۆبوونەوەکە بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری رووداوی گوت: "پێش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران گوتی قسەی هەیە و ئاماژەی بەوەکرد؛ وەکو ئامانج رەحیم و شاندی دانوستاندنکار زۆر سوپاسی نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە بەڕاستی رۆڵێکی زۆر گرنگ و مێژوویی بینی لە دروستکردن و هێنانە کایەی رێککەوتنی سێ قۆڵیدا".