دی ئێن ئۆ ئامادەکاری بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای نەوت و گازی دی ئێن ئۆی نەرویجی رایگەیاند، رێنماییان پێدراوە ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەن، کە بڕیارە رۆژی 27ـی مانگ لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیاوە دەستپێبکاتەوە. 
 
رۆژی هەینی 26ـی ئەیلوولی 2025، کۆمپانیا نەرویجییەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "کۆمپانیای دی ئێن ئۆ خۆشحاڵە کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە و نەوت رەوانەی بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت."
 
ئەم هەنگاوەی کۆمپانیاکە دوای رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نێودەوڵەتیی نەوت دێت.
 
بەپێی رێککەوتنەکە، دی ئێن ئۆ پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نەوتی کێڵگەی تاوکێ، کە ئێستا بە تێکڕا 38 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، بۆ هەناردەکردن رادەست دەکات. بڕی 30 هەزار بەرمیلی دیکەی رۆژانە، کە پشکی بەڵێندەرە بیانییەکانە و دی ئێن ئۆ و گەنەڵ ئێنێرجی ئینتەرناشناڵ لەخۆدەگرێت، بەپێی گرێبەستە کارپێکراوەکان بە کڕیارانی نێوخۆیی دەفرۆشرێت.
 
کۆمپانیاکە دەڵێت، بڕیاریان داوە لەم قۆناخەدا راستەوخۆ بەشداری لە هەناردەکردندا نەکەن و بەردەوام دەبێت لە فرۆشتنی نەوتەکەی بە شێوەی مانگانە و کاش بە نرخی نزیکەی 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. 
 
بە گوتەی کۆمپانیاکە، کڕیاران رێککەوتوون ئەو نەوتەی لە دی ئێن ئۆ دەیكڕن بیخەنە نێو ئەو بۆرییەی کە نەوتی هەرێمی کوردستانی پێ هەناردە دەکرێت. 
 
لە راگەیێندراوەکەی کۆمپانیا نەرویجییەکەدا هاتووە: "ماوەی رێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییانەی بەشدارن، لە کۆتایی ساڵدا کۆتایی دێت، و بڕیارە یەکەم گوژمەی پارە بە بڕی 14 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک (دوای لێبڕینی تێچووی گواستنەوە) لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمدا خەرج بکرێت.
 
 ئەو بڕە لە ساڵی 2026 بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنێکی مۆدێلە بازرگانییەکان و گرێبەستەکان"لەلایەن راوێژکارێکی دیاریکراوی بەغداوە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت."
 
هەروەک کۆمپانیاکە ئاماژەی پێکردووە، دەستییان بە پڕۆگرامێکی گەورەی فراوانکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشابوور کردووە، بۆ گۆڕینی ئەو کەرەستانەی کە لە هێرشە درۆنییەکانی مانگی تەممووزدا زیانیان بەرکەوتبوو. 
 
پلانەکە لێدانی هەشت بیری نوێ لە ساڵی 2026 لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاستی بەرهەمهێنانی 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.