ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مارف خەزنەدار بەرز راگیرا
رووداو - هەولێر
لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی نووسەر و رووناکبیر د.مارف خەزنەدار ، لە قوتابخانەی "ئەربیل ئولا" کە یەکەمین وێستگەی خوێندنی ئەو نووسەرە بووە، بە ئامادەبوونی خانەوادەی خەزنەدار و نووسەران و هاوڕێیانی، یادی کۆچی دوایی ئەو نووسەرە بەرز راگیرا ،هەندێک لە نووسەرانیش گلەییان لە مەراسیمەکە هەبوو و بە شایستەی مارف خەزنەداریان نەدەزانی و پێیان وابوو ئەو کەسایەتییە شایەنی مەراسیمی زۆر لەوە گەورەترە.
لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا ، کە یەکەمین قوتابخانەیە لە مێژووی شاری هەولێردا چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی نووسەرو روناکبیری کورد د.مارف خەزنەدار کرایەوە کە تێیدا چەندین نووسەرو بیرمەندی بەناوبانگ ئامادەبوون و لەلایەن خانەوادەی خەزنەدارەوە پێشوازیان لێکرا و چەندین کەلوپەل و بەرهەمی تایبەتی ئەو نووسەرە نمایشکران.
نووسەران و هاوڕێیانی خەزنەدار جگە لە دڵتەنگییان بۆ یادی کۆچی دوایی ئەو کەسایەتیە، نیگەران بوون بە مەراسیمەکە، چونکە د.مارف خەزنەداریان بە شایستەتر لە مەراسیمێکی وەها بچکۆلە دەزانی.
مارف خەزنەدار جگە لەو بەرهەم و چاپکراوانەی کە لەلایەن خۆیەوە نووسراون، گەنجینەیەکی زۆر بە نرخی لەدوای خۆی بەجێهێشت کە ئەویش کتێبخانەیەکە زیاتر لە 25 هەزار کتێبی تێدایە و بەشێکی زۆری کتێبەکانیش تایبەت و دەگمەنن.
د.مارف خەزنەدار لە ساڵی 1930 لەدایک بووە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بووە لە زمانی عەرەبی و ماستەر و دکتۆرای هەبووە لە ئەدەبیاتی کوردی، لە وڵاتی جەزائیر وانەبێژی کردووە و خاوەنی 60 پەرتووک و سەدان وتار و لێکۆڵینەوەیە، کە دوایین کتێبی چاپی حەوتەمی رۆژگاری من-ە کە لە دوای کۆچی دوایی و لەسەر وەسیەتی خۆی لەچاپدراوە.