سێ ساڵ بەسەر شەڕی سحێلادا تێدەپەڕێت

رووداو دیجیتاڵ

لە رۆژانی دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی و ‌هێزە عێراقییەکانی دیکە بە مەبەستی گەیشتن بە سحێلا و پێشخابوور دەستیان بە هێرشکردن کرد. 
 
گەورەترینی هێرشەکەیان لە 26ی ئۆکتۆبەردا بوو، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە رووبەڕوویان بوونەوە و هێرشەکەیان تێکشکاند. لەو شەڕەدا نزیکەی 150 چەکداری حەشدی شەعبی و هێزە یارمەتیدەرەکانیان کوژران، 4 دەبابەیان سووتێندران و 15 هەمەر و ئۆتۆمبێلی دیکەی سەربازیشیان تێکشکێندران. 
 
پێشمەرگە بەو سەرکەوتنە سنووری بۆ دەستدرێژییەکانی حەشد و هێزە عێراقییەکانی دیکە دانا، هەروەک چۆن رۆژانی پێشتر لە سنووری پردێ و مەخموور تێکشکێندرابوون و پێشڕەوییان راگیرابوو. 
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لەبارەی رووداوەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەر و شەڕی سحێلا لە کتێبەکەیدا بە ناوی "بۆ مێژوو" دەنووسێت: 
"بەرخودانی پێشمەرگە لە هەموو بەرەکان بەردەوامبوو هەتا لە 26ی ئۆکتۆبەردا لەبەرەی مەحموودیە و سحێلا، هێزەکانی عێراق و حەشد بە هاوکاری هێزەکانی ئێرانی و حیزبوڵڵای لوبنان و بە فەرماندەیی راستەوخۆی ئەفسەرێکی پاسدارانی ئێرانی بەناوی سەیدموختار پەلاماری سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان دا. مەبەست لە پەلامارەکە گرتنی پێشخابوور بوو، بەڵام دووچاری شکستێکی زۆر گەورە بوون و سەید موختاریش لە شەڕەکەدا برینداربوو. دوای ئەو شکستە، گۆڕان بەسەر هاوکێشەکاندا هات و دانوستاندن دەستیپێکرد. عەبادی هێشتا لووتبەرز و مەغرووربوو و ئامادەی دانوستاندنی سیاسی نەبوو، داوای ئەوەی دەکرد کە تیمە فەنییە سەربازییەکان دانوستاندن بکەن."
 
سەرۆک بارزانی نووسیوویەتی "لەیەکەم گەڕی دانوستاندا نوێنەرانی هێزە عێراقییەکان، نوێنەری سوپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان ئامادەبوون. لە دانوستاندنەکاندا عێراقییەکان بە فەرمانی نوێنەرانی ئێران و حیزبوڵڵا دەجووڵانەوە، ئەمە لە راستیدا ئەوپەڕی سووکایەتیکردنی عەبادی بوو بە سەرەوەریی عێراق کە خەڵکی بیانی بێت و بڕیار لەسەر دیاریکردنی هێڵەکانی تەماس بدات. بۆیە بڕیارمدا چیتر تیمی دانوستاندنکاری ئێمە لەگەڵیاندا دانەنیشن."
 
لە 16ی ئۆکتۆبەر و رۆژانی دواییدا کورد نزیکەی 50٪ی خاکی باشووری کوردستانی لەدەستدا و شنگال و دەوروبەریشی بەشێک بوو لەو خاکە. 
سەرۆک بارزانی لەو بارەوە دەڵێت، "لە شنگال پێشتر بۆ دروستکردنی پەرتەوازەیی و دووبەرەکی لەناو ئێزدییەکان، هێزی حەشدی ئێزدی دروستکرابوو. لە شازدەی ئۆکتۆبەردا دەڤەری شنگالیش بەر شەپۆلی زاڵمانەی ئەو پیلانە رەشە کەوت. لەو سەروبەندەدا کەسایەتی و ریشسپیانی شنگال داوایان کرد کە پێشمەرگە لە شنگال پاشەکشە بکات بۆئەوەی شەڕی نێوخۆیی لەنێو ئێزدیان روونەدات".  
 
سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە لە رۆژانی دوای 16ی ئۆکتۆبەردا لە پردێ و سحێلا و مەخموور بوونەهۆی شکستهێنان بەو پیلانەی حکومەتی عێراق و پاڵپشتیکارانی کە ئامانج لێی گەیشتن بوو بە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو قەوارەیەی چەندین ساڵ کورد لە باشووری کوردستان خەباتی بۆ کرد.