قوباد تاڵەبانی و بەشێک لە وەزیرەکانی یەکێتی بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ناکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و بەشێک لە وەزیرەکانی یەکێتی بەشداریی ناکەن کە تێیدا گفتوگۆ لەسەر چوار تەوەر دەکرێت.
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە رۆژی چوارشەممە 26-10-2022 بڵاوکراوەتەوە، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران بەڕێوەدەچێت و ئاماژە بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران نەکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری رووداو، تەنیا دوو وەزیری یەکێتی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارن کە هەریەکە لە وەزیری رۆشنبیری و پلاندانانن.
میدیای فەرمیی یەکێتی لەبارەی هۆکاری بەشدارینەکردنەکە ئاماژە بەوە دەکات: نیگەرانن لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و نیگەرانییەكانی خۆیان پێداون. "هەتا نیگەرانییەكان نەڕەوێندرێنەوە بەشداری دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیران ناكەین."
لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا چوار تەوەر خراونەتەڕوو، کە ئەمانەی خوارەوەن:
-بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دیدگە و ستراتیژی ئەنجوومەنی گشتی راژە، سەبارەت بە رێکخستنەوەی وەزیفەی گشتی.
-بڕگهی دووەم، بریتییه له خستنهڕووی پێشنیازی وهزارهتی شارهوانی و گهشتوگوزار بۆ ههمواركردنهوهی خشتهی ژماره (5) له بڕیاری ئهنجوومهنی وهزیران، تایبەت بە بهكرێدانی ناوچه پیشهسازییهكان.
-بڕگەی سێیەم، خستنەڕووی راپۆرتی وەزیری هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێکهاتەکانە تایبەت بە رەوشی پێکهاتەی نەتەوەیی تورکمان، کلدانی، سریانی و ئاشووریی و پێشنیازیان بۆ جێگیرکردنی رۆژێک وەک بۆنەیەکی فەرمی لە رۆژمێری فەرمیی هەرێمی کوردستان بە ناوی (رۆژی پێکەوەژیان).
-بڕگەی چوارەم، تایبەتە بە خستنەڕووی راپۆرتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی تایبەت بە کێشەی کۆگاکان و گواستنەوەی بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان.
لە راگەیێندراوی رابردووی پێش کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران دەکرا؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی ئەم دواییەی نێوان پارتی و یەکێتییەوە، تەنیا وەزیرانی رۆشنبیری و پلاندانان لە تیمی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن و قوباد تاڵەبانی و وەزیرەکانی دیکە بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ناکەن.