لە ئاکرێ وەرزی دروێنەی برنجی کوردییە؛ ئەم ساڵ بەرهەم کەمتر و نرخەکەیشی هەرزانترە


رووداو دیجیتاڵ

وەرزی دروێنەی برنجی کوردی لە سنووری ئاکرێ دەستیپێکرد. جووتیارێکی گەنجی سنوورەکە ئەم ساڵ 22 دۆنم زەویی بە برنجی شەش مانگی چاندووە لە گوندی سالەیی. پاش زیاتر لە پێنج مانگ خزمەتی رۆژانە و بەردەوام، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بەرهەمی رەنج و ماندووبوونی خۆی کۆبکاتەوە.
 
مستەفا محەممەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند: "لە 20ـی مانگی پێنجەوە هاتووم و ئێستا 19ـی مانگی 10یە، بە بەردەوامی ماوەی پێنج مانگە خزمەتی برنجەکەمان دەکەین و رۆژانە سەردانی دەکەم بۆ ئەوەی بزانم چی پێویستە بۆی بکەم."
 
ئەو جووتیارە پێشبینی دەکات دەوروبەری 70 تۆن برنجی هەبێت. ئەم ساڵ چوار جۆر برنجی سەرەکی دەکەوێتە بازاڕەوە کە بریتین لە شەش مانگی، سێ مانگی، تەحاکف و کەسنەدیتی.
 
سەیفوڵا رەمەزان، یەکێک لە بازرگانانی برنج لە ئاکرێ دەڵێت، سەرەڕای کەمبوونەوەی بەرهەم، نرخیش لەچاو پار دابەزیوە. ئەو دەڵێت: "پار لەم کاتانەدا رۆژانە سێ بۆ چوار هەزار تۆن برنج بۆ دەرەوەی ئاکرێ دەچوو، بەڵام ئەم ساڵ ناگاتە نیو تۆنیش."
 
لەلایەکی دیکەوە، فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ رایگەیاند، ئەم ساڵ 8 هەزار دۆنم زەوی لە ئاکرێ بە برنج چێندراوە، کە ئەمەش چوار هەزار دۆنم کەمترە بەراورد بە پار. 
 
فازڵ مستەفا گوتی: "پار 12 هەزار دۆنم چێندرابوو و نزیکەی 11 هەزار تۆن بەرهەم هەبوو، بەڵام ئەم ساڵ 8 هەزار دۆنم چێندراوە و رەنگە بەرهەم بگاتە 7 هەزار و 500 تۆن."
 
برنجی کوردیی ئاکرێ نێوبانگێکی زۆری هەیە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان و عێراقدا، تەنانەت لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا یەکێک لە وەبەرهێنەرانی ئاکرێ نزیکەی 400 تۆنی بۆ وڵاتانی ئەورووپا ناردووە.