بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا: لە دوو ساڵدا بە گوژمەی زیاتر لە 8 ملیار دینار پرۆژە جێبەجێکراون

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا لە پارێزگای دهۆک دەڵێ، لە دوو ساڵی رابردوودا بە گوژمەی زیاتر لە 8 ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئەو ناحیەیە جێبەجێ کراون.
 
مەنهەل موەفەق، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا، میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو و باسی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری ناحیەکەی کرد و گوتی، جووتسایدی نێو ناحیەکە بە گوژمەی 5 ملیار و 300 ملیۆن دینار جێبەجێکراوە و لە قۆناخی کۆتاییدایە و لە کەمتر لە 2 هەفتەی داهاتوودا قیرتاو دەکرێ.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا گوتیشی، پرۆژەی جووتسایدی نێو ناحیەکە چەند بڕگەیەک لەخۆ دەگرێ، لەوانە پردی پەڕینەوە و جێبەجێکردنی 4 کیلۆمەتر ئاوەڕۆ کە دەبێتەهۆی چارەسەرکردنی 95%ی کێشەی ئاوەڕۆی نێو ناحیەکە. 
 
مەنهەل موەفەق ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵی رابردوو 12 کۆڵانی نێو ناحیەکە بە گوژمەی 500 ملیۆن دینار کۆنکرێت کران، بەڵام هێشتا کۆڵان ماون کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.
 
ناحیەی رۆڤیا نزیکەی دوو هەزار و 500 ماڵی تێدایە کە نزیکەی 11 هەزار هاونیشتمانی دەبن. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت: " پێویستمان بە نزیکەی 2 ملیار دینارە بۆ تەواوکردنی ئەو کۆڵانانەی کە ماون".
 
سەبارەت بە پرۆژەی گوندەکان، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا گوتی، 50 گوند سەر بە ناحیەکەن و لە ماوەی رابردوودا چەندین پرۆژەی گرنگیان تێدا جێبەجێکراوە.
 
مەنهەل موەفەق گوتی:"رێگەی 4 گوندی سنوورەکە قیرتاوکراون؛ خەرابەواش، دۆستەک، دولێجان و کانی هەسپان. هەروەها پرۆژەی تۆڕی ئاو و دانانی بگۆڕی کارەبا بۆ زۆربەی گوندەکان جێبەجێکراوە و 2 یاریگاش دروستکراون". 
 
بەهۆی قەیرانی داراییەوە چەند پرۆژەیەک لە ناحیەی رۆڤیا راگیراون، لەوانە قوتابخانەیەکی 6 پۆلی لە ناوەندی ناحیەکە و قوتابخانەیەکی دیکە لە گوندی قەرەناز. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، پرۆژەی ئاوەڕۆی نێو گەڕەکەکان راگیرابوو، بەڵام بڕیارە بەم نزیکانە دەست پێبکاتەوە.
 
نەخۆشخانەیەک لە ساڵی 2017ـەوە باڵەخانەکەی ئامادەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە. مەنهەل موەفەق دەڵێت: "نەخۆشخانەکە پێویستی بە 30 تاوەکو 40 کارمەندە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کارمەندێکی بۆ دانەمەزراوە. کەرەستەی پزیشکیش نییە، بەڵام گرفتەکە دانەمەزارندنی کارمەندە."
 
لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا مەنهەل موەفەق دەڵێ، زیاتر لە 4,000 پارچە زەوییان پێویستە، بەڵام تەنیا نزیکەی 2,000 پارچە لەبەردەستدان و رایگەیاند: "گرفتی سەرەکیمان ئەوەیە کە ناحیەکە تاوەکو ئێستا نەخشەی پەسندکراوی نییە."
 
مەنهەل موەفەق دەڵێت، ئەو فەرمانبەرانەی دەمێننەوە یان دەبێت لە بەردەڕەش و شوێنەکانی دیکە زەوییان پێ بدرێ، یان زەوی تەرخان بکرێت بۆیان.