فەرماندەیەکی هەپەگە: لەگەڵ چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کوردین

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیەکی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) دەڵێ، ئازادکردنی عەبدوڵـڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا گرنگە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیاری کشاندنەوەی گەریلاکانیان لە باکووری کوردستان و تورکیا بە نیازێکی "باش" بووە بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2025، دەورین پالۆ، فەرماندەی هەپەگە رایگەیاند، ئازادی عەبدوڵـڵا ئۆجەلان "بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم پڕۆسەیە گرنگە". دەشڵێت، "لەگەڵ چارەسەریی دیموکراسییانەی پرسی کوردین". 
 
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە چەندین دەیەی رابردوودا نزیکەی 50 هەزار کەس لە شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکەدا کوژراون. 
 
پالۆ دەشڵێ، ئۆجەلان رۆڵی گرنگی لە پرۆسەی چارەسەرییدا هەبووە و هەربۆیە "پێویستە بتوانێ بە ئاسانی خەڵک ببینێت و گفتوگۆیان لەگەڵ بکات؛" داواش دەکات، دۆخی ئۆجەلان بە "خێرایی" لە زیندان باشتر بکرێ. 
 
ئەمڕۆ پەکەکە بڕیاریدا هێزەکانی لە باکووری کوردستان و تورکیا بکشێنێتەوە. پالۆ هەنگاوەکەی بە بەشێک لە پاراستنی پرۆسەی چارەسەری ناوبرد و هۆشداری لە بەکارهێنانی زمانێک دا کە ببێتەهۆی دابەشکاری لەنێو هاووڵاتییان و لەو بارەیەوە گوتی: "لەنێو ژینگەی سیاسیدا کەسانێک هەن دژی پرۆسەکەن و پاڵپشتی ناکەن. ناڵێین پێویستە هەمووان هەمان بۆچوونیان هەبێ، بەڵام پێویستە وریای ئەو زمانە بن کە بەکاریدەهێنن". 
 
سەبارەت بە کاتی پێویست بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، فەرماندەکەی هەپەگە دەڵێ: "بە بێ هیوایی لەم پرۆسەیە ناڕوانین، بەڵام تاوەکو ئێستا تورکیا هیچ هەنگاوێکی نەناوە؛" گوتیشی، سەرکەوتنی پرۆسەکە بە "شەوێک یان چەند مانگێک روونادات".
 
27ی شوباتی 2025 عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە راگەیێندراوێکدا داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە؛ دواتر پەکەکە لە رۆژانی 5 بۆ 07ـی ئایار، کۆنگرەی 12ی بەڕێوەبرد و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
11ی تەممووز، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، گرووپێک گەریلای پەکەکە وەک "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیادا چەکەکانیان سووتاند.
 
لە رێوڕەسمەکەدا 30 گەریلا کە لەنێویاندا بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و سێ بەرپرسی باڵای دیکە هەبوون، چەکەکانیان سووتاند.
 
لەلایەنی تورکیاشەوە لیژنەی پەرلەمانیی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتیی لەو وڵاتە پێکهێندراوە.