پارتی و یەکێتی داوا لە 140 هەزار کوردی کەرکووک و نەینەوا دەکەن رۆژی دەنگدان بگەڕێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی کەرکووک، نزیکەی 100 هەزار کەس کە لەدوای 2016وە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، نەگەڕاونەتەوە و دەنگدانیان لە کەرکووکە. بەرپرسێکی کورد لە نەینەواش دەڵێت، سەروو 40 هەزار کوردی نەینەوا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و هانیان دەدەن لە رۆژی دەنگدان بگەڕێنەوە.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "جگە لە نیشتەجێی کەمپەکان؛ بەگوێرەی بەدواداچوونەکانمان زیاتر لە 40 هەزار کوردی سنووری نەینەوا ئێستا لە دەرەوەی کەمپەکانی نێو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی، "حیزبە کوردستانییەکانی نەینەوا بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، ئامادەکاریمان کردووە بۆ هاندانی هاونیشتمانیانمان کە لە رۆژی دەنگداندا بگەڕێنەوە و دەنگ بدەن."
لەبارەی گەڕانەوەی کوردەکانی دەرەوەی کەرکووک بۆ نێو پارێزگاکە لە رۆژی دەنگداندا، سەرلیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک هۆشداری دەدات و دەڵێت، "ئەگەر ئاوارەکانی کەرکووک نەگەڕێنەوە، بۆ کورد کارەسات روودەدات، چونکە دەنگدەری کەم دەبێتەوە لە پارێزگاکە."
رێبوار تەهاش کە سەرلیستی یەکێتییە لە کەرکووک داوا لە خەڵکی کەرکووک دەکات، دەنگی خۆیان بە فیڕۆ نەدەن و نەیسووتێنن.
"لەگەڵ بازگەکان قسەمان کردووە بۆ ئاسانکاری گەڕانەوەیان"
محەممەد کاکەیی ئاماژەی بەوە کرد، "لەگەڵ بازگەکانی نێوان نەینەوا لەگەڵ هەولێر و دهۆک قسەمان کردووە، کە لە رۆژانی دەنگداندا ئاسانکاری تەواو بکەن بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانیان، لەم رۆژانەشدا سێ ژمارە مۆبایل کارا دەکەین، بۆئەوەی هەر خێزانێکی کورد رێگری لێکرا، ئاسانکاری بۆ بکەین."
دەشڵێت، "بەگوێرەی زانیارییەکانمان، ئەمجارە لە نەینەوا عەرەب بە لێشاو روو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن، بەتایبەتی سەنتەر و باکووری موسڵ کە لە دوایین هەڵبژاردندا رێژەی بەشداری نزیکەی 10% بوو، چاوەڕوان دەکرێت ئەمجارە زیاتر لە 50%ی عەرەبەکانی ئەو دوو ناوچەیە دەنگ بدەن."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا داوای لە هاونیشتمانیانی نەینەوا کرد، "بە جۆش و خرۆشەوە بگەڕێنەوە، بۆئەوەی بتوانین سەنگی کورد لە پارێزگاکەدا بپارێزین و هاوسەنگی هەبێت."
نەوزاد هادی: هەموو ئاسانکارییەک بۆ گەڕانەوەی خێزانە کوردەکان دەکەین
نەوزاد هادی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە نەینەوا بە رووداوی گوت، "هەموو ئاسانکارییەک بۆ گەڕانەوەی ئەو خێزانە کوردانەی نەینەوا دەکەین کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان دا نیشتەجێن."
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە نەینەوا داواشی لەو هاونیشتمانییانە کرد، لە رۆژی دەنگداندا بگەڕێنەوە و هاوسەنگییەکە رابگرن.
سەرلیستی پارتی لە کەرکووک: ئەگەر ئاوارەکانی کەرکووک نەگەڕێنەوە کارەسات روودەدات
22ی ئەم مانگە، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرلیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆر گرنگە ئەو کەسانە بگەڕێنەوە، بۆ داهاتووی کەرکووک و نوێنەرایەتیی خەڵک لە پەرلەمان پرسێکی چارەنووسسازە.''
شاخەوان عەبدوڵڵا هۆشداری دەدات، "ئەگەر ئاوارەکانی کەرکووک نەگەڕێنەوە، بۆ کورد کارەسات روودەدات، چونکە دەنگدەری کەم دەبێتەوە لە پارێزگاکە، ژمارەی ئەوانەشی دەبێ بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان نزیکەی 100 هەزار کەسن.''
دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بە هەزاران کەسی خەڵکی پارێزگای کەرکووک ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و زۆربەیان تێکەڵی ژیان و کاری شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون، بەڵام لە هەڵبژاردندا هەر پارێزگایەک بازنەیەکە، دەنگدەر دەبێ بگەڕێتەوە پارێزگاکەی خۆی بۆ دەنگدان، نەگەڕانەوەی خەڵک بەشداری و رێژەی کورد لە پارێزگاکە کەمدەکاتەوە و کاریگەری لەسەر کورسی و نوێنەرایەتیی کەرکووکیش دەبێ لە خولی داهاتووی پەرلەماندا.
کەرکووک 12 کورسی هەیە لە پەرلەمانی عێراق، لە خولی پێنجەمدا کورد 6 کورسی پارێزگاکەی بەدەستهێنا، سەرلیستی پارتی دەڵێ: "ئامانجی هاوبەشمان لەگەڵ لایەنەکان ئەوەیە کورسییەکان زیاد بکەین، لە خراپترین سیناریۆدا کورد هەوڵی بەدەستهێنانەوەی 6 کورسی دەدات.'' راشیگەیاند، "بە کەمبوونەوەی کورسییەکانی کورد لە کەرکووک هاوسەنگیی هێز تێکدەچێت، بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی کورد نابێت."
سەرلیستی پارتی باسی ژمارەی ئەو ئاوارانەش دەکات مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و دەڵێت، "ژمارەیان لەنێوان 80 بۆ 100 هەزار کەس دەبێت."
داواش لە خەڵك دەکات بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و کەسانێک بنێرنە پەرلەمانی عێراق "شەڕ لەسەر کەرکووک بکەن."
رێبوار تەها بۆ هاونیشتمانیانی کەرکووک: دەنگ نەسووتێنن
یەکێتی لە کەرکووک داوا دەکات خەڵک دەنگیان نەسووتێنن و بەشدارییەکی کارا بکەن لە هەڵبژاردندا.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک و هاوکات سەرلیستی یەکێتییە لە پارێزگاکە لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا لەبارەی ئەوەی چی دەکەن هیچ دەنگێکی کورد نەفەوتێ لە پارێزگاکە؟ گوتی، "داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کەرکووک دەکەم دەنگی خۆیان بە فیڕۆنەدەن و نەسووتێنن، دەنگ نەدەن بە لیستێک کە وەکو چۆن دەڵێن ناتوانێت کورسییەک بەدەستبهێنێت.''
رێبوار تەها دەڵێت، "قسە بە یەکدی گوتن و شکانەوەی یەکدی سوودی بۆ کەرکووک نییە، سوودی بۆ نەتەوەکەشمان نییە، هەردوو حیزب ( پارتی و یەکێتی) لەگەڵ ئەوە نین دۆخی کەرکووک تێکبچێت. ئێمە پێویستە بەرژەوەندییە حیزبییەکان بەلاوە بنێین."