وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت مووچەی مانگی 8 گەیشت

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: 945 ملیار و 817 ملیۆن دینار وەکو تەمویلی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکیمان. 
 
رۆژی 26ـی تشیرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە.
 
پێش راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی، هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا لە زاری سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراقەوە گوتی: "رێکارەکان لە وەزارەتی دارایی عێراق تەواو کران و مووچەی مانگی 8ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرا."
 
پێشتریش زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغداوە گوتی: "نووسراوی خەرجکردنی مووچەی مانگی 8ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە رەوانەی بانکی ناوەندیی عێراق کرا."
 
تائێستا دیار نییە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کەی لیستی مووچەی مانگی ئاب بڵاودەکاتەوە. 
 
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی: 
 
تەمویلی مووچەی مانگی ئاب خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.
 
ڕۆژی یەک شەممە ( 2025/10/26 )  ( 945،817،000،000 ) نۆسەد و چل و پێنج ملیار و هەشت سەد و حەڤدە ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
 
راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری