سامەڕائی لە داقووق: کەرکووک نموونەیەکی بچووکی عێراقە و یەکێتییەکەی بنەمای سەقامگیرییە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم لە هەڵمەتی بانگەشەی هاوپەیمانییەکەی لە قەزای داقووق رایگەیاند، کەرکووک نموونەیەکی بچووکی عێراقە و یەکێتییەکەی بنەمای سەقامگیرییە.
 
موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم شەوی رابردوو 25ی تشرینی یەکەمی 2025، بە یاوەریی د. ئیبراهیم نامس، وەزیری پەروەردە و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانییەکە، لە قەزای داقووق-ی سەر بە پارێزگای کەرکووک، بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردندا کرد کە لەلایەن قاسم فازڵ شەممەری، بەربژێری هاوپەیمانییەکەوە رێکخرابوو.
 
لە کەرکووک 250 بەربژێر، کێبڕکێ لەسەر 12 کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن، جگە لە کورسییەکی کۆتای کریستیان.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سامەڕائی، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی قەزاکە و کەسایەتییە دیارەکان بەڕێوەچوو. سامەڕائی لە گوتارێکدا جەختی لەوە کردەوە کە کەرکووک بە فرەیی و فرەپێکهاتەییەکەیەوە نموونەیەکی بچووککراوەی عێراقە و یەکڕیزییەکەی بنەمای سەرەکیی سەقامگیریی نیشتمانییە.
 
بەهۆی ناکۆکییەوە عەرەبە سوننەکانی کەرکووک، ئەمجارە بە چوار هاوپەیمانێتی و دوو لیستەوە بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە.
 
سامەڕائی داوای کرد، پڕۆگرامی هێزە سیاسییەکان لە خزمەتی پشتگیریکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بەهێزکردنی متمانەدا بێت لەنێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکەدا. هەروەها دووپاتی کردەوە کە هاوپەیمانیی عەزم لەسەر پڕۆژە نیشتمانییەکەی بەردەوام دەبێت، کە ئامانجی پتەوکردنی سەقامگیری و خزمەتکردنی هاووڵاتییانە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق.
  
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320یان گشتی و 9یان کۆتان.