ئەو پیاوەی سەرۆكی حكومەت چۆكی بۆ دادا

رووداو - هەولێر

لە كۆنفرانسی بەگژداچوونەوەی تو‌وندوتیژی دژی ژنان، كە زۆرینەی بەشداربووان چالاكڤانانی مافی ئافرەتان بوون، پیاوێك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەچۆكدا دا.

ئەو پیاوە زانایەی كورد پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی بوو، كە خاوەنی 7 بڕوانامەیە‌و سیانیان ماستەر و دو‌وانیان دكتۆرایە.

نێچیرڤان بارزانی لەو كۆنفرانسەدا، كە دوێنێ لە هەولێر سازكرا وتارێكی پێشكەشكردو سەرەتای وتارەكەی تەرخانكرد بۆ وەسف و ستایشكردنی ئەو زانایە و گوتی" ئەو پیاوە گەورەیە رۆڵی گەورەی بینی لە گۆڕانكاریی یاساكانی باری كەسێتی و دەبێ خانمان ئاگاداری رۆڵی ئەو پیاوە بن".

لە دوای ساڵی 2004 بە هاوكاریی نێچیرڤان بارزانی، مستەفا زەڵمی دێتەوە هەولێر و رۆڵێكی گەورە لە هۆشیاركردنەوەی زیاتری زانایانی ئایینی دەبینێ، بە تایبەتی لەسەر بابەتی مافەكانی ژنان. هەروەها زەڵمی خاوەنی یەكەمین كتێبە كە بە ئاشكرا خەتەنەكردنی ژنان حەرام دەكات.

دوێنێ زەڵمی، 89 ساڵ، بە عەرەبانەكەیەوە بەشداریی كۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنانی كرد لە هەولێر، لەوێ دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی بە گەرمی رۆڵی نرخاند، دواتر لەسەر چۆك دانیشت لەبەردەمیدا.

مستەفا زەڵمی، لەساڵی 1924 لە گوندی زەڵمی هەورامان سەر بە پارێزگای سلێمانی لە دایك بووە‌. ساڵی 1946 لە كۆیە خوێندنی ئاینی تەواوكردووە‌و ساڵی 1965 بەكالۆریۆسی لە یاسا لە زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە. ساڵی 1969 ماستەری لە شەریعە لە زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە. ساڵی 1971 ماستەری وەرگرتووە لە فیقهی بەراوردكاری لە زانكۆی ئەزهەر. ساڵی 1973 ماستەری لە یاسا هێناوەتەوە لە زانكۆی قاهیرە. ساڵی 1975 دكتۆرای لە فیقهی بەراوردكاری وەرگرتووە لە زانكۆی ئەزهەر بە پلەی شەرەف. ساڵی 2005 دكتۆرای دووەمی لە یاسا لە زانكۆی بەغدا وەرگرتووە‌ بە پلەی ئیمتیاز.

مستەفا زەڵمی زیاتر لە 50 كتێبی هەیە لە بوارەكانی شەریعە ‌و یاسا ‌و زیاتر لە 40 توێژینەوەی زانستی هەیە لە بوارەكانی یاسا‌، فەلسەفە و 13 ناونیشانی زانستی وەرگرتووە.