پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی: رۆژی دووشەممە خوێندن دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی دەڵێت، ئاگاداری سەرجەم بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی سنوورەکەیان دەکەنەوە کە رۆژی دووشەممە 27-11-2023، دەرگەی ناوەندەکانی خوێندن دەکرێتەوە و ئەوانیش لەرێگەی پەیجی قوتابخانەکانەوە قوتابییان و مامۆستایان ئاگادار بکەنەوە.
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژیش دەڵێت، "بە قسەی پەروەردەی رۆژهەڵات بایکۆتمان نەکردووە تاوەکو بە قسەی ئەو بیشکێنین."
لە نووسراوێکدا کە رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023ـی لەسەرە، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی دەڵێت، "ئاماژە بە راگەیێندراوی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ئاگاداری سەرجەم بەڕێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگەکانی سنووری پەروەردەی رۆژهەڵات دەکەینەوە، لە رێگەی پەیجی قوتابخانە و خوێندگەکانتانەوە سەرجەم قوتابییان سەرجەم مامۆستایانی میلاک و وانەبێژ ئاگادار بکرێنەوە کە رۆژی دووشەممە، 27-11-2023، دەرگەی ناوەندەکانی خوێندن بە روویاندا دەکرێتەوە و رەوشی خوێندن ئاسایی دەبێتەوە."
لە راگەیێندراوەکەی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانیدا داوا لە سەرجەم بەڕێوەبەرەکان کراوە کە "بە نووسراوی فەرمی ئەو هەنگاوانەی بۆ ئاساییکردنەوەی دەوام پێویستن؛ سەرجەم ئاستەنگ و کەموکوڕییەکانی دەوامکردن ئاراستەی پەروەردە بکەن لە ماوەی سێ رۆژدا."
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لەبارەی راگەیێندراوەکەی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانییەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی سلێمانی داوای دەستپێکردنەوەی دەوامی لێکردین، بەڵام بایکۆتمان رانەگرت. ئێستاش رایناگرین و بەردەوام دەبین لە بایکۆت."
ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە بە فەرمانی پەروەردەی رۆژهەڵات بایکۆتمان نەکردووە تاوەکو بە فەرمانی ئەوان بایکۆت بشکێنین."
13ـی ئەیلوول، خوێندنی ساڵی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد؛ لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە قوتابخانەکان نەکراونەتەوە (جگە لە پۆلی 12) و تاوەکو ئەمڕۆش بایکۆتی وانەبێژان و مامۆستایانی دامەزراو بەردەوامە.
رۆژی 21-11-2023 پشکۆ ئەحمەد، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری سلێمانی راگەیێندراوی (گشتی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی لە هەرێمی کوردستان) خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، دوای کۆبوونەوەیان بۆ ماوەی سێ کاژێر گەیشتوون بە چەند خاڵێک، لەنێویدا بۆ داواکردنی مافەکانیان کە دامەزراندنیانە رووبکەنە بەغدا.
ئەمڕۆ نزیکەی هەزار مامۆستا بەرەو بەغدا بەڕێکەوتن، بەڵام لە بازگەکانی حکومەتی عێراق رێگرییان لێکرا.
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان، دەوامیان نەکردووە