دوو سکاڵا دژى دەنگدانى ئەلیکترۆنیى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پوچەڵ کرانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دوو سکاڵا پوچەڵ دەکاتەوە کە دژى رێنماییەکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق تۆمار کرابوون بۆ هەڵوەشاندنەوەى دەنگدانى ئەلیکترۆنى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان. راوێژکارى یاسایی کۆمیسیۆن دەڵێت، "سکاڵاکارەکان رۆژى تاوتوێکردنى دۆسیەکان ئامادە نەبوون".  
 
22ى تشرینى دووەمى 2023، دانیشتنى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بۆ تاوتوێکردنى دوو سکاڵا دژى پەیڕەوکردنى جیاکردنەوە و ژماردنى ئەلیکترۆنى دەنگەکان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام دادگەکە هەردوو سکاڵاکەى پوچەڵ کردەوە.
 
26ى تشرینى دووەمى 2023، حەسەن ئەبومەسار، راوێژکارى یاسایی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "هیچ کام لە دوو سکاڵاکارەکە و پارێزەرەکانیان ئامادەى دانیشتنەکەى دادگە نەبوون؛ بۆیە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا هەردوو سکاڵاکە پوچەڵ بکاتەوە".
 
دوو سکاڵاکە لە لایەن دوو کەس بە ناوەکانی (رەعد رفعە و سابیر عومەر) دژى سەرۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق و ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران تۆمارکرابوون و داوایانکردبوو بڕگەى دووەمى مادەى سێى رێنمایی دەنگدان، جیاکردنەوە و ژماردنى دەنگەکانى کۆمیسیۆنەکە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە "نادەستوورى" بزانێت.
 
بەگوێرەى ئەو بڕگەیەی رێنماییەکە کە لە 5ى ئەیلوولى 2023 لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە پەسندکراوە، کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ قۆناخى یەکەم پشت بە ئامێرى جیاکردنەوە و ژماردنى ئەلیکترۆنیى دەنگەکان دەبەستێت، لە قۆناخى دووەمیشدا دەنگەکان بەدەست جیا دەکرێنەوە و دەژمێردرێن و ئەنجامى هەردوو پڕۆسەکە بەراورد دەکرێن، ئەگەر ئەنجامەکان لە ناوەندێکى دەنگداندا جیاواز بوون، دەنگەکان دەژمێردرێنەوە و پشت بە ئەنجامى ژماردنى دەنگى دەبەسترێت.
 
بڕیارە لە 25ـى شوباتى 2024، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.