محەممەد ئەمین پێنجوێنی: دیدارەکەی ئیمرالی سێ کاژێری خایاندووە؛ هەموو لایەک لێی رازین

رووداو دیجیتاڵ
 
سیاسەتڤانێکی دیاری کورد ئاشکرای دەکات، سەردانی شاندەکەی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ لای رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە سێ کاژێری خایاندووە و دەڵێت: "دیدارەکە زۆر ئەرێنی بووە و ئۆجەلان داوای کردووە پرسەکە ببرێتە پەرلەمان و بەیاسایی بکرێت."
 
محەممەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتڤان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، وردەکاریی نوێی لەبارەی دیدارە نهێنییەکەی ئەمدواییەی دوورگەی ئیمرالی و پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان خستەڕوو.
 
پێنجوێنی بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستی گەیشتوون رایگەیاند، سەردانەکەی کۆمیسیۆن بۆ ئیمڕالی ماوەی "سێ کاژێر"ی خایاندووە.
 
ئەو سیاسەتڤانە گوتی: "کۆبوونەوەکە زۆر باش و ئەرێنی بووە، هەموو لایەک لێی رازین؛ چ دەوڵەتی تورکیا، چ ئەو شاندەی چووەتە ئیمرالی و چ بەڕێز ئۆجەلانیش بەگشتی لێی رازین".
 
سەبارەت بە ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئۆجەلان، محەممەد ئەمین پێنجوێنی جەختی کردەوە، کە ئۆجەلان داوای کردووە ئەو بابەتانەی باسی کردوون، لەلایەن ئەو کۆمیسیۆنەوە (کە لە پارتە جیاوازەکان پێکهاتووە) ببرێتە پەرلەمانی تورکیا و گفتوگۆی لەسەر بکرێت، تاوەکو بڕیاری یاسایی بۆ وەربگیرێت.
 
پێنجوێنی گوتی: "ئەو شتانەی کە گوتراوە و ئەو کۆمیسیۆنە کۆی کردووەتەوە، دەبێت هەمووی لە پەرلەمان باس بکرێت و پەرلەمان بڕیاری یاسایی لەسەر بدات. چونکە ئەوەی دەوڵەت تاوەکو ئێستا کردوویەتی تەنیا قسەیە، تاکە هەنگاوی کرداری رێگەدان بووە بەو شاندەی کۆمیسیۆن کە بچنە ئیمڕالی."
 
بە بڕوای ئەو سیاسەتڤانە، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا چارەسەری کێشەی کورد و دیموکراسی و داواکانی پەکەکە بە یاسا لە پەرلەمان نەچەسپێنێت، ئەوا پرۆسەکە سەرکەوتوو نابێت، بەڵام "ئەگەر بکرێتە یاسا، ئەوا پاساوێک نامێنێت بۆ درێژەکێشانی شەڕ."
 
هەڵوێستی پەکەکە
 
سەبارەت بە دۆخی ئێستای پارتی کرێکارانی کوردستان، محەممەد ئەمین پێنجوێنی روونیکردەوە، کە پەکەکە بەپێی بڕیاری کۆنگرەی 12ـی خۆی، بڕیاری داوە "شەڕی چەکداری بەرامبەر دەوڵەتی تورک نەکات مەگەر هێرشی بکرێتە سەر، واتە لە دۆخی بەرگریدایە نەک هێرشبردن."
 
پێنجوینی گوتیشی: "ئەگەر کێشەی کورد بە یاسا چارەسەر بکرێت و بوونی نەتەوەی کورد لە دەستووری نوێی تورکیادا جێگیر بکرێت، پەکەکە هیچ پاساوێکی نامێنێت بۆ چەکداری."
 
ئەو سیاسەتمەدارە ئاماژەی بەوەدا، دەوڵەتی تورکیا لەبەردەم دووڕیانێکدایە؛ یاخود دەبێت دان بە مافی کورددا بنێت و پرۆسەکە یاسایی بکات و کۆتایی بە خوێنڕشتن بهێنێت، یان ئەگەر تەنیا وەک تاکتیک بەکاری بهێنێت، ئەوا دۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و کێشەکان قووڵتر دەبنەوە.