پارێزەرەکەی: دۆسیەی کاک لاهوور بۆ دادگەی پێداچوونەوەی هەولێر دەنێردرێت

رووداو دیجیتاڵ

پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاند، دادگەی پێداچوونەوەی هەولێر داوای دۆسیەکەی لاهووریان کردووە و بۆیان دەنێردرێت. دادگەی سلێمانیش دەڵێت، "ئەگەر داوا بکرێت دۆسیەکەی بۆ دادگەی پێداچوونەوە دەنێرین، بەڵام تۆمەتبارەکان نا."
 
رۆژی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، بورهان رەشید، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو ئەو هەواڵانەی گوایە هەفتەی داهاتوو دادگاییکردنی کاک لاهوور لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، دوورن لە راستییەوە."
 
بورهان رەشید، گوتی، "نووسراوی دادگەی پێداچوونەوەی هەولێر هاتووە و دۆسیەکەی کاک لاهوور بۆ ئەوێ دەنێردرێت."
 
بەرپرسێک لە دادگەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "لە هەموو دۆسیەیەکدا دوای ئەوەی لێکۆڵینەوە تەواو دەبێت و دەگاتە قۆناخی کۆتایی، رێوشوێنی یاسایی دەگیرێتەبەر و دادگەی لێکۆڵینەوە دۆسیەکە دەنێرێتە دادگەی تایبەتمەند."
 
ئەو بەرپرسەی دادگەی سلێمانی گوتیشی، "بڕیارە لە ماوەی مانگی داهاتوودا دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکە بنێردرێت بۆ دادگەی تاوانەکانی سلێمانی و دوای تەواوبوونی رێکارەکان، رۆژێک بۆ دادگاییکردنیان دیاری دەکرێت."
 
لەبارەی ناردنی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی بۆ دادگەی پێداچوونەوەی هەولێر ئەو بەرپرسە گوتی، "دادگەی پێداچوونەوەی هەولێر بەرزترین دادگەیە و دەسەڵاتی داواکردنی هەموو دۆسیەیەکی هەیە، ئەگەر داوای دۆسیەکە بکات بۆی دەنێردرێت و هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام تۆمەتبارەکان نانێردرێن."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی دادگەی سلێمانی، دادگەی پێداچوونەوەی هەولێر تەنیا چاو بە دۆسیەکاندا دەخشێنێتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکات، نەک کەسەکان؛ "ئەوە کاری دادگەکانی دیکەیە."
 
ئەحمەد خەسرۆ، لە بەرەی گەل بە رووداوی گوت، "کەیسەکەی کاک لاهوور سیاسی کراوە و تاوەکو ئێستا دادگایی نەکراوە، کەسمان نازانین چارەنووسی ئەو و گیراوانی دیکە چییان لێدێت؛ بەڵام لە ئاستی نێودەوڵەتی، وەکو بەریتانیا، هاتوونەتە سەر هێڵ و هەوڵی ئازادکردنی دەدەن."
 
لاهوور شێخ جەنگی، بەشێکی زۆری تەمەنی لە بەریتانیا بەسەربردووە و رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی هەیە.
 
بەرەبەیانیی 22ـی ئابی 2025، دوای زیاتر لە 3 کاژێر پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزێکی سەر بە لاهوور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزاری سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان چەکداری هێزەکەی دەستگیرکران.